کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ترسی پێشمەرگەکانی شار لە گوندی نییەر، ماوەی چەند ڕۆژه هێڵی تەلەفۆن و ئینتەرنێتی پچڕاندووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاربەدەستانی جینایەتکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ترسی چالاکییەکانی پێشمەرگەکانی شار، هێڵی تەلەفۆنی پچڕاندووە و هەتا ئێستاش دروست نەکراوەتەوە.
ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە چالاکییە تەبلیغییەکان و هەروەها لە ترسی خەڵکی دێموکراتپەروەری نییەر هێڵی تەلەفۆنی پچڕاندووە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ چوارەمین ڕۆژە کە هێڵی تەلەفۆن و ئینتەرنێت لەو گوندە پچڕاوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیم لە ترسی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، ئەو کارەی ئەنجام داوە.
لە بۆنە تایبەتەکانی حیزبی دێموکرات، دانیشتوانی نییەر و بەتایبەتی لاوان، بە شێوەیەکی زۆر جیاواز چالاکی بەڕێوە دەبەن.