کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەدان بینا لە شاری تاران مەترسیی ڕووخانیان لەسەرە

18:04 - 9 جۆزەردان 2722

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "شەرقـ"ـی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ١٢٠ بینا لە ناوچەی باکووری شاری "تاران" لەسەرهێڵی بوومەلەرزە دروست کراون و سەدان بینای بەرز لەو شارە بە دووریی ١٠ میتر لە یەکتر دروست کراون کە لە ئەگەری هەر جۆرە ڕووداوێک قوربانییەکی زۆری لێ دەکەوێتەوە، چونکە هیچ کامیان بەپێی ستانداردی بیناسازی دروست نەکراون.

ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی شورای ڕێژیم لە شاری تاران ڕایگەیاند کە دوای ڕووداوی "پلاسکۆ"، ٣٣ هەزار بینای دیکەیان دەستنیشان کردووە کە مەترسیی ڕووخانیان لەسەرە، بەڵام تەنیا ٢٠٠ بینا کاری ستانداردسازیی بۆ کراوە و سێ هەزار بینا خەریکە کاری ستانداردسازیی بۆ دەکرێت، بەڵام بۆ ستانداردسازیی ٢٩ هەزار بینای دیکە، هیچ هەنگاوێک هەڵنەگیراوە.

لە شاری "تاران" ١٥هەزار هێکتار زەویی ناسەقامگیر بوونیان هەیە. ١٣٠ بینا لەو شارە مەترسیی زۆر توندی ڕووخانیان لەسەرە. هەروەها ڕۆچوونی زەوی لە هەندێک گەڕەکی شاری تاران وەکوو گەڕەکی "مەولەوی"، مەترسیی ڕۆچوونی خاکی ژێر دەکەڵی بەرق، لوولەی گاز و پۆمپی بێنزین، باندی فڕۆکەخانەی "مێهراباد" و زۆربەی گەورەڕێگاکان، لە مەترسییە سەرەکییەکان دێتە ئەژمار.

لە شاری تاران بەردەوام ئەگەری ڕوودانی کارەسات لە ئارادایە و بوومەلەرزە و ڕۆچوونی زەوی دەتوانێت کارەساتی گەورەی لێ بکەوێتەوە و بەهۆی ناستانداردی لە پرۆژەی "شارسازیـ"ـدا ئیمکانی کاری فریاکەوتنیش زۆر ئەستەم دەبێتەوە.