کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەدان نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە شاری حەلەبی سووریە شەڕ دەکەن

21:25 - 29 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی پایەبەرزی ئەرتەشی سووریە پشتڕاستی دەکاتەوە کە سەدان کەس لە هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران و ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنان، لە ئێستادا هاوشان لەگەڵ هێزەکانی بەشار ئەسەد و بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی ڕووسیە، لە باشووری شاری حەلەب، لە بەرانبەر دوژمنانی ڕێژیمی سووریەدا شەڕ دەکەن.

بە پیی هەواڵی ڕادیۆ نێو نەتەوەیی فەڕانسە، ئەم بەرپرسە پایەبەرزەی ئەرتەشی سووریە، بەشداریی بەربڵاوی هێزە نیزامییەکانی ئێران لە شەڕی سووریەی چاوەڕوان‏نەکراو ناوبرد.

دوو سەرچاوەی هەواڵ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایانگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران، هەزاران نیزامیی بۆ بەشداریی شەڕ لە حەما و حەلەب، ڕەوانەی سووریە کردووە.

ڕێژیمی ئێران کە هێزەکانی خۆی بە ،مدافعان حرم زینب ناو دەبات، هەمیشە ڕایگەیاندووە کە پاسدارە ئێرانییەکان تەنیا وەکوو ڕاوێژکاری نیزامی، لە شەڕی سووریەدا بەشدارن.

ئەمە لەحالێکدایە کە تەنیا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران دانی بە کۆژرانی چەند کەس لە فەرماندە پایەبەرزەکانی سپای پاسداران لە شەڕی سووریەدا ناوە کە دەتوانین ئاماژە بە کوژرانی پاسدار سەرتیپ حوسێن هەمەدانی لە شەڕی ڕۆژی پێنج‏شەممە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر لە شاری حەلەب، بکەین.