کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندی پارتی دێموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سووریە لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكرات

14:35 - 16 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: شاندێکی پارتی دێموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریە بە سەرپەرستی سکرتێری گشتی ئەو پارتە حەمید دەرویش سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانیان کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٥ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، هەیئەتێكی پارتی دێموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سوریە بەسەرپەرەستی حەمید دەرویش سكرتێری گشتی ، هاوڕێ لەگەڵ عەلی شەرمینی نوێنەری پارتی دێموكراتی پێشكەوتنخواز سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیان كرد ‌و لەلایەن مستەفاهیجری سكرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ‌و ژمارەیەك لە ئەندامانی دەفتەری سیاسی ‌و رێبەرایەتی ئەو حیزبە پێشوازییان لێكرا.

لەو سەردانەدا سەرەتا باسێك لەسەر رەوشی سیاسی كورد ‌و دۆخی رۆژئاوای كوردستان كرا، هەروەها ئاوڕێك بە خەبات ‌و تێكۆشانی رۆڵەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان درایەوە ‌و ناهاوئاهەنگیی هێزە سیاسییەكانی رۆژئاوا ‌و سیاسەتی دەستێوەردانی وڵاتانی دەراوسێ ‌و هێندێك لایەنی كوردی كە بە جۆرێك پەیوەندی رێكخراوەییان بە لایەنەكانی رۆژئاواوە هەیە؛ خرایە بەرباس کە ئێستا بوونەتە لەمپەر لە رێگەی گەیشتنی نەتەوەی كورد لە سووریا بە ئامانجە نەتەوەییەكانی ‌و ئەو سیاسەتە دەستێوەردانە بووەتە هۆی ئەوەیکە رێژیمی دیكتاتوری بەشار ئەسەد درێژە بە سیاسەتی نكۆڵی كردن لە پرسی كورد بدات و زەبر‌و زەنگی لەسەر تێكۆشەرانی رێگای ئازادی لەو وڵاتە بەردەوام بێت.

لە درێژەی ئەو سەردانەدا هەروەها مەسەلەی سیاسەتی كانتۆن پێكهێنان ‌و دابڕینی ناوچە كوردنشینەكان وەک مەترسییەك لەسەر یەكیەتی خاك‌و خەڵكی كوردستان ئاماژەی پێكرا ‌و رەچاوكردنی ئەم سیاسەتە وەکوو هێڵێکی پێچەوانەی رێكەوتنی دهۆك لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوا كە ئامانجی یەكیەتی ‌و پێكەوە رێككەوتن لەسەر بەڕێوەبەری ناوچە رزگاركراوەكانی رۆژئاوای كوردستان ‌و پاراستنی دەسكەوتە سیاسی ‌و نەتەوەیییەكانی كورد بوو؛ باسی لێكرا و هەروەها ئاماژە بەوە كرا تەنیا یەكگرتوویی كورد بۆ پێكەوە كاركردنیان ‌و هەڵویستی هاوبەشیان دەتوانێت ئامانجەكانیان بپارێزێ ‌و ئاماژەش بەوە كرا سیاسەتی دەرەوە كاتێك دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێ کە ئەم پرنسیپە لەبەرچاو بگرین.

لە درێژەی ئەو دیدارەدا لەسەر رەوشی رۆژهەڵاتی كوردستان باسێكی سیاسی كرا، لەو باسەدا ئاماژە بە بەردەوام بوونی سیاسەتی زەبر‌وزەنگی رێژیمی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵكی كوردستان ‌و گەلانی ئێران ‌و سەركوتی دێموكراسیخوازانی ئێران‌و هەروەها قسە لەسەر ئەو قەیرانە ئابوورییە لەسەر درێژەدانی رێژیمی ئێران بە سیاسەتی چەكی ناوكی ‌و شوێندانەری ئەو گەمارۆیانە كە وڵاتانی رۆژئاوایی ‌و ئامریكا لەسەر ئێرانیان داناوە، كرا.

لەبەشێكی دیكەی ئەو باسەدا، قسە لەسەر شەڕی داعش ‌و سیاسەتی یارمەتی كردنی رێژیمی ئێران بە لایەنە تێرۆریست ‌و توندڕەوەكانی ناوچەکە كرا.

لە درێژەی ئەم باسەدا، ئاماژەیەك بە رەوشی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە بە تایبەت ئەنجومەنی نیشتمانی سووریە كرا ‌و ئاستەنگەكانی سەر رێگای تێكۆشانیان خرایە بەر رای بەشدار بووان ‌و هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باسی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد‌و دابڕانی ٣ لایەنی سیاسی لەو ئەنجومەنەدا كرا.

دوای نەزەر ‌و راگۆڕینەوەیە لەم سەردانەدا هەر دوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکراتی پێشکەوتنخوای کورد لە سووریە لەسەر درێژەدان بە پەیوەندییەکانیان جەختیان كردەوە ‌و حەمید دەرویش وتی: من پەیوەندی دێرین ‌و نەتەوەیی ‌و نیشتمانیم لەگەڵ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هەیە و بە دەسكەوتێكی گرینگ ‌و نەتەوەیی دەزانم ‌و شانازی پێوە دەكەم.

گادەر. د