کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندی پارتی سوسیالیستی کوردستان لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات

16:23 - 19 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: لە دیداری شاندی حیزبی دێموکرات و پارتی سوسیالیستی کوردستانی باکوور، دوایین راسپاردە و پەسندکراوەکانی کۆنگرەی پارتی سوسیالیست تاوتوێ کران.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی پارتی سوسیالیستی کوردستانی باکوور بە سەرپەرستیی \'\'مەسعوود تەک\'\' سکرتێری گشتیی ئەو پارتە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٨ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی. سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرستیی \'\'حەسەن شەرەفی\'\' جێگری سکرتێری گشتی، پێشوازیی لێ کرا.

ئاکامی دوایین کۆنگرەی پارتی سوسیالیستی کوردستانی باکوور و بڕیار و راسپاردەکانی ئەو کۆنگرەیە لەمەڕ چالاکترکردنی رێکخستەکانیان و گرینگیدا بە خەباتی سیاسی و مەدەنی لە تورکیە ئامانجی سەرەکیی سەردانی شاندی پارتی سوسیالیست بوو.

پێوەندیی دۆستانەی حیزبی دێموکرات و پارتی سوسیالیستی کوردستانی باکوور بەشێکی دیکەی باسەکانی ئەو دیدارەی پێکهێنابوو.

لەو چاوپێکەوتنەدا حەسەن شەرەفی پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتی بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەکەیان، پێشکەش بە شاندی پاری سوسیالیستی باکوور کرد و ئاواتی سەرکەوتنی زیاتر و بە ئەنجام گەیاندنی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرەکەی بۆ خواستن و لەسەر پێوەندیی دۆستانە هەر دوو حیزب پێداگریی کردەوە.