کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی پارتی یەکیەتیی کورد لە سووریە، لە دەفتەری سیاسیی حیزب

16:07 - 10 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە دانیشتنی دوو شاندی حیزبی دێموکرات و پارتی یەکیەتیی کورد لە سووریە، دۆخی هەرکام لە پارچەکانی کوردستان و بە تایبەت کوردستانی سووریە تاوتوێ کران.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێكی پارتی یەكیەتیی كورد لە سووریە بە سەرپەرستیی \'\'عەبدولباقی یووسف\'\' رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ٩ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی كرد ‌و لەلایەن شاندێكی حیزبەوە بە سەرپەرستیی \'\'مستەفا هیجری\'\' سكرتێری گشتی پێشوازیی لێ كرا.
سەرەتا مستەفا هیجری وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان باسێكی لەبارەی کوردستانی سووریە کرد و نیگەرانیی خۆی لە بارودۆخی هەنووكەیی ئەو بەشە لە کوردستان دەربڕی و هیوای یەكگرتن و یەكخستنی ناوماڵی كوردی لەو بەشە خواست.
سکرتێری گشتیی حیزب ئاماژەی بە دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچە ‌و بە تایبەت كۆماری ئیسلامی لە كێشەی سووریە كرد ‌و لەسەر یەک گوتاریی و ستراتیژیی هاوبەشی كوردان لەمەڕ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كورد لە كوردستانی سووریە پێداگریی کردەوە.
لەو دانیشتنەدا هیجری دڵسۆزی و پاڵپشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانی بۆ خەڵكی كورد لەو بەشەی كوردستان و هەموو بەشەكانی كوردستان دووپات كردەوە.
سکرتێری گشتیی حیزب لە بڕگەیەكی دیكەی باسەكەیدا بە كورتی باسێکی لەسەر دۆخی ئێستا کوردستانی ئێران پێشکەش کرد.
پاشان عەبدولباقی یووسف باسێكی لەبارەی بارودۆخی سووریە ‌و هەڕەشەكانی سەر كوردستانی سووریە هێنایە ئاراوە ‌و لەسەر پێویستیی یەكڕیزیی گەلی كورد و راکێشانی پشتیوانیی بیروڕای جیهانی بۆ لای خەباتی مافخوازانەی نەتەوەی کورد قسەی کرد.
لە کۆتایی ئەو دانیشتنەدا هەر دوو شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پارتی یەکیەتیی کورد لە سووریە، لەسەر بەردەوامیی پیوەندییەکانیان پێداگرییان کردەوە.