کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرمایەگوزارانی ئەفغانی متمانەیان بە ڕێژیمی ئێران نەماوە

11:10 - 16 خەزەڵوەر 2721

"حوسێن سەلیمی" سەرۆکی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران و ئەفغانستان بەنیسبەت چوونەدەرەوەی سەرمایەگوزارانی ئەفغانی لە ئێران هۆشداریی داوە و وتوویەتی: "ئەگەر سیاسەتەکانمان بەنیسبەت سەرمایەگوزارانی ئەفغانی کە لە ئێراندا سەرمایەگوزارییان کردووە نەگۆڕین ئەگەری زۆرە ئەفغانەکان سەرمایەی خۆیان لە ئێران بۆ تورکیە ڕاگوێزن".

"سەلیمی" وتوویەتی، لە مانگی ڕەزبەردا لە کۆی ٤٤ گەڵاڵەی سەرمایەگوزاری لە ئێراندا ١٧ گەڵاڵە پەیوەندیی بە سەرمایەگوزارانی ئەفغانییەوە هەبووە.

ناوبراو وتوویەتی، پێشتر ئەگەر کەسێکی بیانی داخوازیی کردبا کە لە ئێراندا سەرماگوزاری بکات وەک دەستپێک دەیتوانی ٣٠٠ هەزار دۆلار سەرمایەگوزاری بکات و نیشتەجێبوونیشیان پێ دەدا، بەڵام ئێستا ئەو تێچوویە زیادی کردووە و کێشەی بۆ ئەو کەسانە دروست کردووە کە بەنیازن سەرمایەگوزاری بکەن.

هەیئەتی وەزیرانی ڕێژیمی ئێران دوو ساڵ لەمەوپێش ڕایگەیاندبوو: "سەرمایەگوزارانی بیانی ئەگەر بتوانن لانیکەم ٢٥٠ هەزار دۆلار بێنن و لە ئێراندا سەرمایەگوزاری بکەن، نیشتەجێبوونی ٥ ساڵەیان پێ دەدەین".

"بابەک دینپەرست" یەکێک لە جێگرانی وەزارەتی ڕێژیم وتوویەتی: "لەو ماوەیەدا کە ئەو گەڵاڵەیەمان ڕاگەیاندووە هیچ کەس داوای سەرمایەگوزاریی نەکردووە".