کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرمای زستان، بنەماڵەیەکی داخدار کرد

10:43 - 3 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لاوێکی خەڵکی ورمێ بە هۆی سەرما و سۆڵە لە سنووری شاری بانە گیانی لە دەست دا.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا  بڵاوی کردووەتەوە کە ، ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی ڕێبەندان، مێرمنداڵێکی کورد، بە ناوی "مەتین سلێمانپوور"، تەمەن ١٦ ساڵ، کوڕی جەبار، خەڵکی دەڕەی قاسملوو، بە هۆی سەرمابردووییەوە لە سنووری شاری بانە گیانی لە دەست دا.

برای ئەو لاوه کوردە، بە هەواڵنیری کوردپای ڕاگەیاندووە: "براکەم ویستوویەتی سەفەری کوردستانی باشوور بکات کە لە سنووری بانە تووشی ئەو ڕووداوە بووە".

ناوبراو وتیشی: "تەرمی براکەم لە لایەن دانیشتووانی ناوچەکە لە سنووری بانە دۆزراوەتەوە.

برای مەتین جەختی کردووەتەوە، کە مەتین کۆڵبەر نەبووە و هیچ کاتیش کۆڵبەری نەکردووە.

شایانی باسە، تەرمی ئەو لاوە کورد لە زێدی خۆی بە خاک دەسپێردرێت.