کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران هەڕەشە لە بریتانیا دەکات

19:21 - 19 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئێران، بریتانیای بە دەستپێکەری ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکەدا تاوانبار کردووە و هەڕەشەی لەو وڵاتە کردووە.

"حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ئێران، ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتدا، دەوڵەتی بریتانیای بە "داگیرکەر" ناو لێ برد و هۆشداریی بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە داوە کە ئێوە دەستپێکەری ئاژاوەکان لە ناوچەکەدان و لێکەوتەکانی دواتر هەست پێ دەکەن.

"ڕووحانی" ئەو هەوڵەی بریتانیای بەنیسبەت ڕاگرتنی کەشتیی هەڵگری نەوتی ئێران بۆ سووریەی لە ئاوەکانی جەبەلولتارقدا بە "منداڵانە"، "هەڵە" و "نەفامانە" شوبهاندووە.

هەروەها سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، وتوویەتی: "دووبارە بوونەوەی ئەو هەوڵانە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە جیهاندا و ئەمە بە زیانی تەواوی دنیا دەبێت".

هاوکات، پاسدار "محەممەد باقری"، بەرپرسی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیران، هەڕەشەی لە بریتانیا کردبوو و وتبووی: "ڕاگرتنی ئەو نەوتکێشەی ئیران لە لایەن بریتانیاوە، بێوڵام نامێنێتەوە".

هێزی دەریایی بریتانیا، پێنجشەممەی ڕابردوو، ١٤ی پووشپەڕ، نەوتکێشێکی ئێرانی، لە چوارچێوەی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپادا دژ بە سووریە ڕاگرت و هەروەها دادگایەکیش ڕاگرتنی ئەو کەشتییەی بۆ ماوەی دوو حەوتوو درێژ کردەوە.