کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆماری ئۆکراین: وڵاتانی بەهێزی جیهان تەنیا لە دوورەوە چاوەدێری دەکەن

12:40 - 6 رەشەمه 2721

''ڤلادیمێر زلنسکی'' سەرکۆماری ئۆکراین ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەشەمە لە پەیامێکدا بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە بە ڕەخنەگرتن لە وڵاتانی بەهێزی جیهان وتی کە ''بەهێزترین وڵاتانی جیهان تەنیا لە دوورەوە چاوەدێری دەکەن''.

ناوبراو کە بە دوو زمانی ڕووسی و ئۆکراینی قسەی دەکرد وتی: '' ئێمە لە ئێستادا تەنیا لە خۆمان بەرگری دەکەین.

سەرکۆماری ئۆکراین سەبارەت بە پشتیوانی‌نەکردنی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئامریکا لەبەرامبەر هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین وتوویەتی: "ئۆکراین تەنیا ماوەتەوە".

"زلنسکی'' وتوویەتی: "دوژمن منی وەکوو ئامانجی ژمارە یەک و بنەماڵەکەشمی وەکوو ئامانجی ژمارە دوو دیاری کردووە ئێمە بۆ بەرگری لەو وڵات بەتەنیا ماوینەتەوە. چ کەسیک ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی ئیمە شەڕ بکات؟ ڕاستییەکەی من هیچ شتێک نابینیم! چ کەسیک ئامادەیە گەرانتی ئەوە بە ئۆکراین بدات کە ببێتە ئەندامی ناتۆ؟ ڕاستییەکەی هەموویان دەترسن.''

لەم پەیوەندییەدا ''جێن ساکی'' وتەبێژی کۆشکی سپی، بەو پرسیارە کە ئایا لە ئەگەری دەسبەسەری یان محاکمەی ''ڤلادیمێر زلنسکی'' ئامریکا بۆ ڕزگاریکردنی ناوبراو هێز ڕەوانەی ئۆکراین دەکات؟ وڵامێکی نەداوە.