کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکوەزیرانی عێراق : هێرشبەرانی سەر ماڵەکەم زۆر باش دەناسم

10:56 - 17 خەزەڵوەر 2721

''مستەفا ئەلکازمی'' سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاردانەوە بە هێرشی دڕۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ ماڵەکەی وتوویەتی، کەسانێک کە لە پشتی ئەو هەوڵە تێرۆریستییە بوون بە باشی دەیاناسێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاندووە ماڵەکەی لە ڕێگای دڕۆنەوە هێرشی کراوەتە سەر، کە کارێکی ترسنۆکانەیە.

 سەرۆکوەزیرانی عێراق وتوویەتی: ''بەدوای ئەنجامدەرانی هێرشەکەن، زۆرباش دەیانناسین و ئاشکرایان دەکەین''.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا هەوڵی کردنە ئامانجی ماڵی ئەلکازمی بە هێرشێکی تێرۆریستی و ترسنۆکانە وەسف کردووە.

هێرش بۆ سەر ماڵی ئەلکازمی لەکاتێکدایە کە ماوەی چەند ڕۆژە گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی عێراق خۆپیشاندان دەکەن و هەوڵ دەدەن بڕۆنە نێو ناوچەی "سەوز"ەوە.

هەتا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیاریەتیی ئەم هێرشەیان بۆ سەر ماڵەکەی ئەلکازمی لە ناوچەی سەوزی بەغدا نەگرتووەتە ئەستۆ.

زۆرێک لە کارناسانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕن کە هێرش بۆ سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن گرووپە شیعەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ئەنجام دراوە.