ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی "دبرێ تسیون گێبرە میخائیل" سەرۆکی ناوچەی "تیگرای" لە وڵاتی ئێتیوپی ڕایگەیاند: "ڕێژیمی ئێران، تورکیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، یارمەتیی ماڵی و نیزامییان بۆ دەوڵەتی ئێتیوپی ناردووە".
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاڵمان، "گێبرە میخائیل" بە ئاماژەدان بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و ئەو دوو وڵاتەی دیکە، لە بەیانییەیەکدا وتوویەتی: "ئەو وڵاتانە لە تاوانەکانی سەرۆکوەزیری ئێتیوپی دژی خەڵکی تیگرای دەستیان هەیە".
شەڕی نێوان دەوڵەتی ئێتیوپی و خەڵکی "تیگرای" ماوەی یەک ساڵ پێش بە گرتنی چەند بنکەی نیزامی لە باشووری ئەو وڵاتە لەلایەن شۆڕشگێڕانی "تیگرای" دەستی پێ کرد و تا ئێستا بووە بەهۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس.
یەک ساڵ دوایی ئەوەی کە "ئابی ئەحمەد" سەرۆکوەزیری ئێتیوپی هێرشی نیزامیی کردە سەر ناوچەی "تیگرای"، شەڕ و پێکدادانەکان بۆ لای پێتەختی ئەو وڵاتە لە جووڵەدان و هاوکات فڕۆکە شەڕکەرەکان و دڕۆنەکانی ئێتیوپی لە مانگەکانی پێشوودا چەند شوێنی جۆراوجۆریان لە ناوچەی "تیگرای" بۆردومان کردووە.
وڵاتی ئێتیوپی لە مانگەکانی ڕابردوودا بەوە تاوانبار کراوە کە بە دڕۆنەکانی ڕێژیمی ئێران هێرشی کردووەتە سەر خەڵک و شۆڕشگێڕانی "تیگرای".