کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"سەرۆکی ڕێکخراوی "نێهزەتی سەواد ئاموزیی" ڕێژیم وتوویەتی ٧ و نیو ملیۆن کەس بێسەواد لە ئێراندا بوونی هەیە

10:19 - 6 بەفرانبار 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەز "شاپوور محەممەد زادە " سەرۆکی ڕێکخراوی "نێهزەتی سەواد ئاموزیی" ڕێژیم باسی لەوە کردووە لە ئێستادا ٧ و نیو ملیۆن کەس لە ئێراندا بێسەوادن.

هەروەها دوو ملیۆن کەس بە گشتی سەوادیان نییە و ١٨ لەسەدیش لە حەشیمەتی ئێران لە تەمەنی ١٠ هەتا ٤٩ ساڵ سەوادی ژێر دیپڵۆمیان هەیە.

بەپێی قسەکانی ناوبراو لە سەرژمێریی ساڵی ١٤٠٠دا نرخی باسەوادی هەتا ٩٠.٥ لەسەد لە ئێراندا زیادی کردووە.

"محەممەد زادە" ئیدعا دەکات لە ساڵی ١٣٥٥دا ٢.١٤ ملیۆن کەس لە حەشیمەتی ئێران لە کۆی ٢٧.١ ملیۆن کەسیی ئێران بێسەواد بوونە ئەوەش مانای ئەوە دەدات کە بەشێکی زۆر لە منداڵانی ئێران پێش ڕێژیمی ئێران لە خوێندن بێبەش بوونە.

بە وتەی "محەممەد زادە" گەڵاڵەی سەواد ئامووزی لە ساڵەکانی ١٣٦٩ هەتا ١٣٨٥ بووەتە هۆی ئەوەیکە سەرانەی فێرکاریی سەواد لە ئێراندا لە ٩٠ هەتا ٨٧ لەسەد هەڵکشانی هەبێت و زیاتر لە ٤.١ ملیۆن بێسەوادی ڕەها فێری سەواد بن.

بە پێچەوانەی ئەو ئیدعایە لە سەرەتای مانگی بەفرانباردا"میرزا شەفیع پوور" جێگری سەواد ئامووزیی شاری تاران وتبووی، نێهزەتی سەواد ئامووزی بەنیسبەت ناساندنی بێسەوادان سەرکەوتوو نییە.

ناساندنی گەورەساڵانی بێسەواد لە ئێراندا وەک ڕابردوو بە ئاسانی ئەنجام نادرێت و کێشە و گرفتی ئابووری و قەیرانی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا بەربەستێکە بۆ ئەوەیکە هاووڵاتیان بتوانن فێری سەواد بن.

هەر لەو پەیوەندییەدا ئامارێکی فەرمی لەسەر قوتابخانە، قوتابییان، منداڵان و لاوان لە قۆناغی خوێندن لە سەرتاسەری ئێران لەبەر دەستدا نییە.