کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی کۆمیسیۆنی عومڕانی مەجلیس وتوویەتی ٥٠٠ هەزار خانووبەرە لە سووریە دروست دەکەین

10:45 - 10 رێبەندان 2721

''محەممەد ڕەزا کوچی'' سەرۆکی کۆمیسیۆنی عومڕانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە ئێران ئامادەیی ئەوەی هەیە کە لە ساڵدا زیاتر لە ٥٠٠ هەزار خانووبەرە لە سووریە دروست بکات و لە سەردانی ئەم دوایانەی هەیئەتی وەزارەتی ڕێگا و شارسازیی ڕێژیم بۆ دەمیشق لەبارەی بەشداریی ئێران لە نوژەنکردنەوەی سووریە قسە کراوە.

بەپێی ڕێککەوتنێک کە مانگی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی لەلایەن ڕێژیمی ئێران و سووریە  واژۆ کرا، ڕێژیمی ئێران بەڵینیی ئەوەی داوە کە ٣٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکات، بەڵام جێگری وەزیری ڕێگا و شارسازی دواتر باسی لەوە کردووە کە ئەو ژمارەیە جۆرێک سەمبولە و لە ڕاستیدا ئێران دەتوانێت تا ٢٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە سووریە دروست بکات.

لە ئێستا سەرۆکی کۆمیسیۆنی عومڕانی مەجلیسی ڕێژیم باسی لە ئامادەیی بۆ دروستکردنی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێ بوون کردووە.

حوزووری نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و پشتیوانیی بەربڵاوی ئابووری لە ڕێژیمی ''بەشار ئەسەد'' ناڕەزایەتیی زۆری لێ کەوتووەتەوە.

دروستکردنی خانوو لە سووریە لەحاڵێکدایە کە دوای چەند ساڵ لە تێپەڕینی بومەلەرزە لە کرماشان هەتا ئێستاش خەڵکانێک بەهۆی نەبوونی خانوو لە خێوەت و کانێکسەکاندا دەژین.

لە لایەکی دیکەوە بەرزبوونەوەی کرێ خانوو لە تاران بووەتە هۆی ئەوەیکە خەڵکێکی زۆر کانێکس بە کرێ بگرن.