کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی یەکیەتیی فرۆشیارانی میوە و سەوزە وتوویەتی بەو زووانە لە ئێران کڕینی میوە دەبێتە دانەیی

11:48 - 2 پووشپەڕ 2722

"ئیسماعیل مورادیان" سەرۆکی یەکیەتیی فرۆشیارانی میوە و سەوزە باسی لە هەڵکشانی ٢٥ تا ٣٥ لەسەدی نرخی میوە لە یەک حەوتوودا کردووە و وتوویەتی کە نەبوونی توانایی ئابووریی خەڵک وای کردووە کڕینی میوە کەم ببێتەوە.

بە وتەی "مورادیان" زۆربەی خەڵک سەرگەردانن و نازانن پارەکانیان بۆ کڕینی کام شتومەکی بنەڕەتی تەرخان بکەن.

هەڵکشانی چەندین بەرابەری نرخی جۆراوجۆری خۆراکەکان و کەرەستەکانی دیکە لەم چەند مانگەدا خەڵکی کوردستان و ئێرانی لەگەڵ قەیرانی ئابووریی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

 لەو بارودۆخەدا، سەرۆکی یەکیەتیی میوە و سەوزی فرۆشان پێشبینی کردووە کە لە مانگەکانی داهاتوودا، کڕینی میوە لە ئێران دەبیتە دانەیی.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "لە ئێستادا نرخی کیلۆیەک قەیسی لە نێوان ٤٠ تا ٧٠ هەزار تمەنە، گێلاس ١٢٠ هەزار تمەن، تووفەرەنگی لە نێوان ٤٠ تا ٨٠ هەزار تمەن، هەڵووچەی سەوز ٢٥ تا ٤٠ هەزار تمەن، خۆخ ١٥ تا ٣٥، کاڵەک ١٠ تا ٢٠ هەزار و شلیل ٢٠ تا ٤٠ هەزار تمەنە.

سەرەڕای ئەوەش ئەو نرخانە لە بازاڕدا جیاوازییان هەیە و نرخەکان بەرزترن.