کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی یەکیەتیی نووسەرانی کورد کۆچی دوایی کرد

11:49 - 4 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی (٢٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ی زایینی) ، "کاکەمەم فەخری سامی" ناسراو بە "کاکەمەم بۆتانی"، سەرۆکی یەکیەتیی نووسەرانی کورد ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٠ی ژانویەی ١٩٣٧ی زایینی لە کۆیە لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە کۆیە و سلێمانی، دواناوەندیی لە کەرکووک و خوێندنی باڵای لە بەغدا تەواو کردووە.

یەکەم چیرۆکی "کاکەمەم بۆتانی" لە ساڵی ١٩٥٧ی زایینی چاپ و بڵاو کرایەوە. ناوبراو بە یارمەتیی ژمارەیەک لە ئەدیبانی کوردی بەغدا، توانی لە ڕێکەوتی ١٠ی فێڤرییەی ١٩٧٠ بە فەرمی یەکیەتیی نووسەرانی کورد دابمەزرێنێت.

لە ساڵی ١٩٩٣ هەتا ٢٠٠٠، بووە بە ڕاوێژکاری ڕووناکبیری لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

"کاکەمەم بۆتانی" لە بوارەکانی کۆمەڵە چیرۆک و کورتیلە چیرۆک، نۆڤل و ڕۆمان، پەخشانە شێعری شیوەن، مێژووی سیاسی، ژیاننامە، بیرەوەری و بەسەرهاتی نووسەران و هەروەها ئابووری و ئامار، چەندین بەرهەمی هەیە.