کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەخۆشیی کانوونی نووسەرانی کوردستان بۆ کۆچی دوایی ئەحمەد شەریفی

17:39 - 22 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: کانوونی نووسەرانی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد شەریفی پرسەنامەیەکی بڵاو کردەوە و سەرخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی ئەحمەد شەریفی، ئەدیبان، نووسەران و رۆژنامەنووسانی کورد کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کانوونی نووسەرانی کوردستان، بە بڵاو کردنەوەی پرسەنامەیەک، خەم و پەژارەی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەدیبی ناوداری کورد ئەحمەد شەریفی لە رێکەوتی ٢٠ی جۆزەرداندا راگەیاند.

دەقی تەواوی ئەم پرسەنامەیە بەم چەشنەیە:

پرسەنامەی کانوونی نووسەرانی کوردستان
بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد شەریفی‌ــیەوە

بەداخەوە تەنیا سێ ڕۆژ پاش کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد قازی، هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد شەریفی، مێژوونوس، ڕۆژنامەنووس، تۆژەری بواری ساغکردنەوەی دەق، دەستنووس و بەڵگەنامە مێژووییەکان و ئارشیڤداری ناسراوی گەلەکەمان ڕادەگەیەنین.

ماموستا ئەحمەدی شەریفی، دوای چەندین ساڵ خزمەتی بەردەوام بە زمان و ڕۆژنامەنووسی و مێژووی کورد، بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧١٥ی کوردی (١٠/٦/٢٠١٥) پاش ململانێیەکی دژوار لەگەڵ نەخۆشی دڵی لە لێدان کەوت.

مامۆستا ئەحمەدی شەریفی، لە ماوەی ژیانیدا لە بواری رۆژنامەنووسی و لێکۆڵینەوەی مێژووییدا کاری کرد، ماوەیەکی دوورودرێژیش لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنەکانی کرماشان، سنە و مەهاباد کاری کرد و بابەت و بەرهەم و لێکۆڵینەوەکانی لە رۆژنامە و گۆڤارەیلی رۆژهەڵات، باشوور و باکووری کوردستان و بڵاڤۆکە کوردییەکانی دەرەوەی وڵاتدا بڵاو بوونەوە.

کانوونی نووسەرانی کوردستان بەبۆنەی کۆستی لەدەستدانی نووسەرێکی خاوەن ئەزموون و لێکۆڵەرێکی ماندووەوە سەرخۆشی لە میراتگرانی قەڵم و بنەماڵە و هاوڕێیانی مامۆستا ئەحمەد شەریفی دەکات و خۆی بە شەریکی خەم و بگرە خاوەنی ئەم کۆستە گەورەیە دەزانێت.

کانوونی نووسەرانی کوردستان