
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە بڵاو کراونەتەوە، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم، خۆپیشاندانەکانی "شەهری کورد" و شارەکانی دیکەیان سەرکوت کردووە و ژمارەیەک لەو خۆپیشاندەرانەیان دەسبەسەر کردووە.
خۆپیشاندەران لە پارێزگای "چوارمەحاڵ و بەختیاری" دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر و بەختیاری دەمرێت بەڵام داماوی و کڵۆڵی قبووڵ ناکاتـ"ـیان بە دژی ئەو ڕێژیمە وتووەتەوە.
هەروەها لە هەندێک ڤیدیۆدا کە بڵاو کراونەتەوە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە "شەهری کورد" دەنگی تەقە بیستراوە و هاوکات مەئموورەکانی ڕێژیم ڕێگەیان بە خەڵک نەداوە کە فیلم هەڵبگرنەوە.
ئەو فیلمانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە دەرخەری ئەوەن کە کەشێکی ئەمنییەتی و قورس بەسەر پارێزگاکانی "سنە، ئیلام، کرماشان، ورمێ، تاران، زەنجان، مەشهەد و شیراز"دا زاڵە.
لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی ئەو دواییانەدا کە بەهۆی گرانیی لەڕادەبەدەر و دۆخی نالەباری بژێویی ژیان و ئابووری سەریان هەڵدا، کۆمەڵێک کەس دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکانی ڕێژیم کراون.
بەرپرسانی ڕێژیم هەتا ئێستا هیچ ڕاپۆرت و لێدوانێکیان سەبارەت بە ڕێژەی دەسبەسەرکراوانی ئەو ناڕەزایەتییانە بڵاو نەکردووەتەوە.