کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەلەفییەکانی کوردستان بە پاڵپشتی ئیتلاعاتی رێژیم، هەڕەشە لە حیزبی دێموکرات دەکەن

23:33 - 20 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: پاش بەشداریی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرەکانی شەڕ دژی داعش، گرووپە توندئاژۆ مەزهەبییەکانی کوردستانی ئێران بە پاڵپشتیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڕشەیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و خۆپێشاندانێکیشیان بەڕێوەبرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، پاش ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر داواکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەند هێزێکی پوشتە و پەرداخی لە پێشمەرگەکانی بۆ شەڕ لە دژی داعش رەوانەی بەرەکانی شەڕ کرد، گرووپە توندئاژۆ مەزهەبییەکانی کوردستانی ئێران بە تایبەت سەلەفییە رادیکاڵەکان، هەڕشەیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردووە.

بەشداریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرەکانی شەڕ دژی داعش، لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران لەگەڵ پێشوازییەکی بەرچاو بەرەوڕوو بووەوە کە دژکردەوەی توندی گرووپە تەکفیری و سەلەفییەکانی کوردستانی ئێرانی لێکەوتەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، سەلەفییەکانی کوردستانی ئێران بە پاڵپشتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە شەقام و مزگەوتەکان بە هەڵکردنی ئاڵای گرووپی تیروریستی داعش ئاشکرا بۆ ئەم گرووپە بانگەشە دەکەن.

هەروەها ئەم گرووپە سەلەفییانە بە هەڕشەکردن لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە قەڵەمدانی ئەو حیزبە وەکوو حیزبێکی کافر، بە مەبەستی پشتیوانی لە داعش خۆپیشاندانیان رێکخست.

دەوترێ ئەندامانی ئەم گرووپە تیرۆریستییانە بە مەبەستی چاوترسێن کردنی هاووڵاتییان، هەڕشەیان لە لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردووە.

جموجۆڵەکانی ئەم گرووپە توندئاژوە مەزهەبییانە لە شارەکانی بانە، سەقز، مەریوان و سنە بە ئاشکرا ئەنجام دراوە و رێژیمی ئیسلامی ئێران هیچ کاردانەوەیەکی نیشان نەداوە و بەپێی راپۆرتەکان ئەم گرووپانە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمەوە پشتیوانییان لێ کراوە.

پاش ئاوارەبوونی هاوڵاتییانی کوردی ئێزەدیی دانیشتووی ناوچەی شنگال و توندوتۆڵ بوونەوەی تێکهەڵچوونی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گرووپی داعش، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند هێزێکی پێشمەرگەی رەوانەی بەرەکانی شەڕ کرد.