کوردستان میدیا: چالاکان و بازرگانانی قاڵیی ئێرانی، هۆشداریان داوە کە بەهۆی گرانبوونی مەوادی ئەوەڵیەی چنینی قاڵی، ئەو سەنعەتە ڕووی لە مایەپووچبووندایە.
بەرهەمهێنەرانی قاڵیی ئێرانی ناچارن هەتا کەرەستەی ئەوەڵیەی چنینی قاڵی بە دۆلاری ١٠ هەزار تمەنی بکڕن و لە بەرانبەردا قاڵییەکانی خۆیان بە دۆلاری ٨ هەزار تمەنی بفرۆشن.
"عەبدۆڵڵا بەهرامی" بەرپرسی یەکیەتییە سەرتاسەرییەکانی تەعاونیی قاڵیبافانی ئێران، لەوبارەوە ڕایگەیاندووە: "قاڵیی دەستچن تەنیا بەرهەمێکی ناوخۆییە کە بەرهەمهێنەران ناچارن هەتا کەرەستەی پێویستی چنین، بە گران بکڕن و لە بەرانبەردا بەرهەمەکانیان بە پارەی هەرزان بفرۆشن، بە دڵنیاییەوە بەردەوامبوونی ئەو دۆخە دەبێتە هۆی مایەپووچبوونی ئەو سەنعەتە".
ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە، بە سەرنجدان بە گەمارۆ ئابوورییە قۆرسەکان، نەبوونی کۆنتڕۆڵ لەسەر نرخی کەرەستەی ئەوەڵیەی قاڵی، هەڵاوسانی بەردەوامی بازاڕ و جێگیرنەبوونی نرخی ئەرز، چیدیکە هیچ پێویست بەوە ناکات کە وڵاتی ئامریکا گەمارۆ بخاتە سەر سەنعەتی قاڵیی ئێران، لەبەر ئەوەی کە ئەو سەنعەتە گرینگەی ئێران بە زوویی مایەپووچ دەبێت.
هەنووکە بەرهەمهێنەرانی قاڵیی دەستباف و ماشینی لە ئێران بە هۆی گرانی و زیادبوونی قیمەتی دۆلار، لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە بەرەوڕوو بوونەتەوە کە بەردەوامبوونیان لە کاری بەرهەمهێنانی قاڵی ئەستەم دەکات.