کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاخەوانانی مەهاباد هەڵمەتێکی ژینگەپارێزییان بەڕێوە برد

13:29 - 28 پووشپەڕ 2720

ئەنجوومەنی شاخەوانانی مەهاباد ڕۆژی هەیەنی ٢٧ی پووشپەڕ، لە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزیدا کەنارەکانی بەنداوی مەهابادیان لەسەر ڕێگای ''مەهاباد- سەردەشت'' لە زبڵ و خاشاک خاوێن کردەوە.

شاخەوانان و ژینگەپارێزان لەو چالاکییە ژینگەییەدا لە کەنارەکانی بەنداوی مەهاباد لە ''تاقەدار'' هەتا گوندی ''داشتەمر''، زیاتر لە ٥ تۆن زبڵ و خاشاکیان کۆ کردەوە.

بەنداوی مەهاباد کە شوێنێکی گەشتیارییە و لە وەرزی هاویندا زۆر کەس سەردانی دەکات، لەلایەن کاربەدستانی ڕێژیمەوە هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ نەکراوە و ئەم زبڵ و پاشماوانە دیمەنێکی ناحەزیان بەم شوێنە بەخشیوە و مەترسیی بۆ ژینگەی ئەو ناوچەیە دروست کردووە.

هەروەها، سەرەڕای گرینگی پێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بەو شوێنە، هەندێک لە خەڵک کە سەردانی ئەو شوێنە دەکەن، پاک و خاوێنیی ئەو شوێنە ناپارێزن.

ساڵانە چەندین چالاکیی ژینگەپارێزیی لەو چەشنە لە دەوروبەری بەنداوی مەهاباد بەڕێوە دەچێت و ژینگەپارێزان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە هەوڵدان ئەم شوێنە کارەساتی ژینگەیی لێ نەکەوێتەوە.