کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری دیشمۆک لە پارێزگای کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد بە "شاری خۆکوژی" ناسراوە

11:56 - 26 رێبەندان 2720

خۆکوژیی منداڵان و لاوان لە ئێران و کوردستان بووەتە دیاردەیەکی باو و هەموو ڕۆژێک هەواڵی خۆکوژی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران بڵاو دەبێتەوە کە لەو نێوانەدا شاری دیشمۆک سەر بە  پارێزگای کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد زۆرترین هەوڵی خۆکوشتنی لێ ئەنجام دەدرێت و بە شاری خۆکوژی ناسراوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕیکەوتی ٢٠ ڕێبەندان، کچێکی ١١ ساڵە لە گوندی ''دێ قازی'' سەر بە شاری دیشمۆک خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ئەم کچە قوتابیی پۆلی شەشی سەرەتایی بووە و بنەماڵەکەیان لەوپەڕی هەژاریدا بوون و لە خانوویەکی ١٢ مەتریدا ژیانیان بەسەر دەبرد.

یەکێک لە ئەندامانی شورای شاری دیشمۆک وتوویەتی: ''ئەم شارە وەکوو شاری خۆکوژی و خۆسووتاندن ناسراوە، بەڵام هیچ یەک لە بەرپرسان لەو بابەتە ناکۆڵنەوە''.

ئەو ئەندامەی شورای دیشمۆک باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی سێ هەتا چوار ساڵی ڕابردووەوە، ٦٠ کەس کە زۆربەیان ژن بوونە هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و لەو ڕێژەیە ٣٥ کەسیان خۆیان کوشتووە.

هەروەها ناوبراو باسی لەوە کردووە کە زۆربەی بەرپرسانی پارێزگای کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد بەهۆی ئەوەی کە پلە و پایەکەیان لەدەست نەدەن بە هیچ شێوەیەک گرینگی بەو شارە نادەن.

پێشتر ''ئەحەد جەماڵی'' جێگری سیاسی- ئەمنییەتیی پارێزگای کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد هەڕەشەی لە میدیاکانی شاری دیشمۆک کردبوو کە ئەگەر هەواڵی خۆکوشتنی خەڵکی ئەو شارە بڵاو بکەنەوە بەتوندی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت.

پەرەسەندنی خۆکوژی لەنێوان منداڵان و لاوان لە کوردستان و ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی دۆخی ئابووری و هەژرای و بێهیوایی بە داهاتوویەکی ڕوون کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەسەر خەڵکی ئێرانی سەپاندووە، گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی.