کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری "سایین قەڵا" کەرەستەی پزیشکیی نییە

11:38 - 10 خەزەڵوەر 2720

لە شاری "سایین قەڵا" کەلوپەلی پزیشکی بۆ چارەسەریی نەخۆشەکان نییە و خەڵک بۆ چارەسەری دەبێ ڕوو بکەنە شارەکانی دیکە.

هاووڵاتییەکی خەڵکی "سایین قەڵا" ڕایگەیاندووە کە بۆ هەڵگرتنی وێنەیەک لە ددانی و هەروەها سۆنۆگرافی چووەتە "میاندواو" و لە نیوەڕۆوە هەتاکوو شەو چاوەڕوان بووە. ئەو هاووڵاتییە گلەیی کردووە کە بۆچی دەبێ شارەکەی خۆیان ئەو کەرەستەیانەی تێدا نەبێت.

هەروەها لە بارەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە لەم دۆخە قەیراناوییەی کۆرۆنادا بۆچی دەبێ بچینە شارەکانی دەوروبەرمان.

ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی "سایین قەڵا" هەروەها نوێنەری شارەکەیانی بەهۆی نەبوونی کەلوپەلی پزیشکی و خۆشگوزەرانییەوە بردووەتە ژێر پرسیار و وتوویەتی کە ئەمە تەنیا دەردی یەک کەس نییە و بۆ هاووڵاتییانی دیکەش ڕوویداوە.

زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان لەباری کەرەستە و پێداویستی و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانەوە کەمییان هەیە و بەرپرسانی ڕێژیمیش ئاوڕێکی جیددی لە دۆخیان نادەنەوە.