کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٠ شاری ئێران زیا ترین ئاماری بێسەوادییان هەیە

15:11 - 1 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارێک کە جێگری ژنان و بنەماڵەی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، پارێزگای ورمێ یەکێک لە سێ پارێزگای ئێران لە بواری بێسەوادیدایە.


بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، جێگری ژنان و بنەماڵە لە چوارچێوەی اطلس وضعیت زنان کشور ئامارێکی بڵاو کردووەتەوە کە ٤٠ شاری ئێران زیاترین ئاماری بێسەوادییان هەیە.

بەپێی ئەو ئامارە، ئەو ٤٠ شارەی ئیران زیاترین ئاماری بیسەوادی کچانی تەمەن ٦ ساڵیان هەیە و پارێزگاکانی ورمێ، سیستان‌ و بەلووچستان و تەورێز لە بواری بێسەوادی پلەی یەکەم تە سێهەم‌یان لە ئێراندا هەیە.

کارناسانی ئابووری لەو باوەڕه‌دان کە نرخی باڵای بێسەوادی لە نێو ژنانی ئێراندا یەکێک لە گەورەترین گرفتەکانی پەرەپێدانی وڵات دێتە ئەژمار.

نرخی ئاماری بێسەوادی لە ئێراندا لە کاتێک‌دایه کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باس لە بنىڕکردنی بێسەوادی لە ئێراندا دەکەن و بە وتەی خۆیان بەرنامەی چڕ و پڕ لەو بوارەوە دادەڕێژن.

لەو پێوەندییەدا مانگی پێشوو سەرۆکی ڕێکخراوی نێهزەتی سەواد ئامووزیی ڕێژیم ڕایگەیاند کە یەک لەسەر سێێ پیاوان و دوو لەسەر سێی ژنانی ئێران بێسەوادن و لە ئێراندا سەرجەم ٢١ میلیۆن بێسەواد و کەم سەواد هەیە.

هەروەها سەرۆکی ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بێسەوادی وتی کە ١٠ میلیون بێسەواد لە ئێراندا هەن.

بەرزبوونەوەی ئاماری بێسه‌وادی لە ئێراندا لە کاتێکدایە کە خوێندن مافی سەرەتایی هەر تاکێکە و دەبێ بەرپرسانی هەر وڵاتێک ئیمکاناتی خوێندن هەتا قۆناغی باڵای خوێندن و ئاستی خۆبژیوی دابین بکەن بەڵام هەنووکە ئێران لەگەڵ کێشەی سەرەتایی وەک نەبوونی فەزای خوێندن، خزمەتگوزایی قوتابخانەکان، مامۆستا و هتد بەرەوڕوویە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەش هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە نادەن.

هۆکاری بێسەودای لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بۆ کێشەکانی وەک ئابووری، ناوەندگەرایی ئیمکانات، نەبوونی قوتابخانە لە ناوچە کوردنشینەکان دەگەڕیتەوە ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی رێژیمی ئێران باس لە بنبڕکردنی بێسەوادی لە ناوچە پەراوێزخراوه‌کان دەکەن.