کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداریی سنە لەنێو شاردا زبڵدانی نییە

11:05 - 8 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: شارەداریی شاری سنە، بە خەڵکی ئەو شارەی ڕاگەیاندووە کە توانای گۆڕینی زبڵدانەکانی نێو کۆڵانەکانی نییە.

دوای ئەوەی زبڵدانی یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سنە دەشکێت و بەهۆیەوە زبڵەکانی لەنێو کۆڵاندا بڵاو دەبنەوە و ئەمەش سەرەڕای بەخشینی سیمایەکی ناشیرین، بووەتە هۆی بڵاوکردنەوەی بۆنێکی ناخۆش.

لەم وەرزەدا کە پلەی گەرما لەسەرێیە، ڕژانی زبڵ هەڕەشەیەکە بۆ سەر تەندروستیی دانیشتووانی ئەو کۆڵانە.

خەڵكی نیشتەجێی ئەم کۆڵانە، بۆ دابینکردنی زبڵدان بۆ کۆڵانەکەیان، چەند جارێک سەردانی شارەداریی شاری سنەیان کردووە، بەڵام لەگەڵ وڵامی سەیری نەبوونی زبڵدان و ناتەوانیی شارەداری بۆ دابینکردنی زبڵدان، ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

شاری سنە، وەک سەرجەم شارە کوردنشینەکانی دیکەی ئێران، لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، پەراوێز خراوە و بە دژواری لەم شارەدا دەتوانی نموونەی خزمەتگوزاری و ئاودانکردنەوە ببینی، کە لە نوێترین پشتگوێخستنەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دابیننەکردنی زبڵدانە بۆ کۆڵانەکانی ئەم شارە.