کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداریی سەرپێڵ زەهاو گوشاری خستووەتە سەر بوومەلەرزەلێدراوان

12:39 - 31 پووشپەڕ 2720

دوای سێ ساڵ لە تێپەڕێنی بوومەلەرزەی کرماشان، خەڵکی دەسکورت و کرێنشین لە شاری سەرپێڵ زەهاو کە لە کانێکس و خێوەتدا ژیان بەسەر دەبەن، نەتەنیا لەلایەن ڕێژیمەوە هیچ هەنگاوێکیان بۆ هەڵنەگیراوە، بەڵکوو گوشاریان بۆ هێناون کە دەبێ ئەو کانێکسانە چۆڵ بکەن.

خەڵکی بوومەلەرزەلێداروی سەرپێل زەهاو کە زۆرێک لەوان کرێنشین، دوای سێ ساڵ چاوەڕوانی، لەلایەن ڕێژیمەوە هیچ ئاوڕێکیان لێنەدراوە و ئێستا لەلایەن شارەداریی ئەو شارەوە هۆشدارییان پێ دراوە کە دەبێ لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا ئەو کانێکسانەی کە تێیدا دەژین، بەجێی بهێڵن.

ئێستا کە نرخی کرێ خانوو لە سەرپێڵ زەهاو بە ڕادەیەک بەرز بووەتەوە کە ئەم خەڵکە هەژارە توانای دابینکردنی ئەو نرخەیان نییە و بۆیە ناچارن کە لە کانێکس و خێوەتدا ژیان بکەن.

هاوکات شارەداری هۆشداریی داوە کە ئەم کانێکس و خێوەتانە لە ئاستی ئەو شارەدا کۆ دەکاتەوە.

خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو و هەژار بە دەست ئەم دۆخەوە دەناڵێنن و دەڵێن: "جێگایەک نییە کە ڕووی تێ بکەین، تەنانەت ئەگەر شارەداریی کانێکسەکانیش کۆ بکاتەوە، ئێمە ناچارین لە شوێنێکی دیکە خێوەت هەڵ بدەین''.

بوومەلەرزەلێدراوان کە بەهۆی ئەم دۆخەوە ژیانێکی ناخۆش و دژوار تێدەپەڕێنن، باس لەوە دەکەن کە ئەگەر توانای دابینکردنی کرێ خانوومان هەبا، بۆ ساتێکیش لەو کانێکسانەدا نەدەماین.