کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداریی مەریوان بەهۆی بێکیفایەتی جەریمە کرا

13:28 - 30 خاکەلێوه 2721

شارەداریی مەریوان بەهۆی ئەوەی کە بەرانبەر بە دابینکردن و جێبەجێکردنی شوێنی زبڵ و پاشماوەکانی ئەو شارە کەمتەرخەمیی کردووە، ٢٠٠ ملیۆن تمەن جەریمە کراوە.

"ئیبراهیم هیمەت بڵند" سەرۆکی ئیدارەی پاراستنی ژینگەی ڕێژیم لە شاری مەریوان ڕایگەیاندووە، شارەداریی مەریوان بەهۆی کۆنترۆڵ ‌نەکردنی بڵاوبوونەوەی پیسایی و سەروبەرەنەکردنی شوێنی زبڵ، بە بڕی ٢٠٠ ملیۆن تمەن جەریمەی نەختی کراوە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە شارەداریی ئەو شارە بەهۆی سەرپێچییە ژینگەییەکان و نەپاراستنی ستانداردەکانی لەنێوبردنی زبڵ لە دادگادی ئەو شارەدا مەحکووم کراوە.

"هیمەت بڵند" هەروەها وتوویەتی: "لەنێوبردنی نادروستی زبڵ، دروستبوونی بۆنی ناخۆش و دزەکردنی زێراوی زبڵەکان بۆ نێو ئاوە ژێرزەوینییەکان، دروستکردنی پیسایی زبڵدانی دەم چۆمی گاڕان، نەناساندن و دیاری نەکردنی شوێنی نوێ بۆ جێبەجێکردنی شوێنی زبڵدان، وەڕێ نەخستنی کارخانەی وەبەرهێنانەوەی زبڵ لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن شارەداریی ئەو شارەوە لە گرینگترین کێشەکانی شوێنی زبڵی ئەو شارەیە کە هەڕەشە لە تەندروستیی خەڵک دەکات".

بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتیی پێڕاگەیشتن بە دۆخی شارەکان بودجەیەک کە بۆ ئاوەدانکردنەوە دەدرێت بۆ مەبەستی کەسی بەکاری دێنن و شارەکان بە کاولی دەهێڵنەوە.