کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداری دێولان بە کارفەرماکانی قەرزداره

19:46 - 11 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: شارەداری دێولان بری ٧٠٠ میلیۆن تمەن بە کارفەرما و پێرسۆنێلەکانی قەرزدارە.

یەکێک لە ئەندامانی شۆرای شاری دێولان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ یەکێک لە هەواڵدەرییە خۆجەییەکان، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە کارکردی ماڵیی شارەداریی دێولان لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا کردووە و وتوویەتی: "پشکی ماڵی و بوودجەی دیاریکراوی شارداری نزیکەی ٩ میلیارد تمەن بووە کە هەتا ئێستا تەنها ٧ میلیارد تمەنی دەستەبەر بووە".

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم بە ئاماژە بەوەیکە ٥٠ لە سەدی تێچووی شارەداری لە شارە بچووکەکان بۆ مووچەی کارفەرما و پێرسۆنێلەکانی شارەداری لە بەرچاو دەگیردرێت، گوتی: بەپێی ئەوەیکە مووچەی پێرسۆنێلی شارەداریی دێولانیش لە سەرچاوە ناوخۆییەکان دابین دەکرێت، ئەو شارەدارییه نزیکەی ٧٠٠ میلیۆن تمەن بە پێرسۆنێل و کارفەرماکانی قەرزدارە.

ناوبراو باسی لە نەبوونی پاڵاوگەی ئاوی خواردنەوە لەو شارەدا کردووە و گوتویەتی، ئاوی ئەو شارە لەڕێگەی چاڵاو و بیرەوە دابین دەکرێت و تەنیا کۆلۆری لێ دەدرێت و درووستکردنی پاڵاوگە پێویستی بە بوودجەی تایبەت هەیە کە لە بەردەستدا نییە.

شارەکانی پارێزگای سنە بە گشتی زۆرترین زەختی قەیرانەکانیان لەسەرە و بەرپرسانی ڕێژیم لەم پێناوەدا هیچ هەوڵێکی کارا نادەن و تەنها بە بەڵێنی بێ ئەنجام دڵخۆشی بێ بنەما بە خەڵک دەدەن.