کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەکانی "شنۆ و هەرسین" لەگەڵ کێشەی نەبوونی شوێن بۆ فڕێدانی زبڵ بەرەوڕوون

12:09 - 1 بانەمەڕ 2721

ماوەیەکی زۆرە شارەداریی شنۆ نەیتوانیوە شوێنێکی تایبەت بۆ فڕێدانی زبڵی ئەو شارە دیاری بکات. لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بەهۆی نەبوونی شوێن بۆ ڕشتنی زبڵ، زبڵەکانی شار و گوندەکانی "شنۆ" کۆ نەکراونەتەوە و جگە لە دروستکردنی سیمایەکی ناحەز، تەندروستیی خەڵکیشی لە مەترسی خستووە.

"مام عەزیزی" فەرمانداری ڕێژیم لە "شنۆ" بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زبڵی شار و گوندەکانی ئەو شارە شوێنێکی لە "کانی شیلان" سەر بە شارۆچکەی "نەڵۆس" لە تەنیشت جادەی "شنۆ" بۆ "پیرانشار" دیاری کردووە کە بەهۆی دروستکردنی کێشە بۆ سەر زەوییەکانی کشتوکاڵیی خەڵکی نەڵۆس لە "کانی شیلان" ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی زانییارییەکانی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، فەرمانداری ئەو شارە بە زۆرەملێ دەیهەوێت ئەو شوێنە بۆ ڕشتنی زبڵی شار و گوندەکانی "شنۆ" دابین بکات و شارەوانی و بەخشداریی شارۆچکەی "نەڵۆس" لەهەمبەر ئەو هەوڵەی فەرماندار بێدەنگن.

لەو پێوەندییەدا لە "هەرسین" زبڵی ئەو شارە لە مەودای ٥٠٠ میتریی ئەو شارە فڕێ دەدرێت و کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە. هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن، زێراوەکانی ئەو زبڵەش دەڕژێتە نێو ئاوی خواردنەوەی هەرسین و ئەمە مەترسییەکی جیدییە بۆ سەر تەندروستیی خەڵک.

هاوڵاتییان باس لەوەش دەکەن، چەندین جار داوایان لە کاربەدەستانی ڕێژیم کردووە چارەسەریی ئەو کێشەیە بکەن، بەڵام وڵامدەر نین.