کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دیسانەوە میلیتاریزە کران

10:53 - 23 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: کەشێکی ئەمنییەتیی توند لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، لە زۆربەی شارەکانی ئێران و بەتایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا زاڵ بووە و هێرش کراوەتە سەر خۆپیشاندەران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، هێزێکی زۆری پۆشتە و پەرداختەیان لە جاش و پاسدارەکان لە شەقام و مەیدانە سەرەکییەکانی شارەکانی "مەریوان و سنە"دا جێگیر کردووە و کەشی شارەکانیان بەگشتی میلیتاریزە کردووە.

هێزەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن بە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی خەڵک، تەنانەت ماشینی نیزامییان لە مەیدانەکانی شاری سنە، لەوانە: "مەیدانی ئێقباڵ، دەور مەیدان و مەیدانی نبوەت"، جێگیر کردووە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە سنە، بە مەبەستی ڕەواندنەوەی خەڵک لە شەقامەکان، هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و بە باتوم لە خۆپیشاندەرانیان داوە و خەڵکیش بەرەنگاری هێزەکانی ڕێژیم بوونەتەوە.

هەروەها لە کرماشانیش بە هەمان شێوە لە نێوان هێزەکانی ڕێژیم و خەڵکی خۆپیشاندەر، شەڕ و تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە.

خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان، بەنیسبەت هێرش بۆ سەر فڕۆکەی بووئینگی ٧٣٧ی ئۆکراین و هەروەها چەواشەکاری و درۆکانی ڕێژیم سەبارەت بە ئەو ڕووداوە، پێی ناوەتە دووەمین ڕۆژی خۆی و خۆپیشاندەران ڕاستەوخۆ ڕێبەریی ڕێژیم و نیزام کردووەتە ئامانجی دروشمەکانیان.