کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٣ شار لە ئێران لە دۆخی ڕەشی کۆرۆنادان

12:57 - 27 خاکەلێوه 2721

ئاماری تووشبووان بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە ئێران دوای دەستپێکردنی شەپۆلی چوارەمی ئەو نەخۆشییە، بە ڕێژەیەکی سەرسووڕهێنەر بەرز بووەتەوە و دۆخی سووری تێپەڕاندووە، ئەوە لە حاڵێکدایە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە کردەوە هیچیان لە دەست نایەت و داوا لە خەڵک دەکەن کە دوعا بکەن.

زیاتر لە ساڵێک لە تەشنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران تێدەپەڕێت و بەهۆی بێ کیفایەتی و بەڕێوەبەریی خراپ و سەقەتی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، دەیان شاری ئێران لە دۆخی شەڕدان.

ڕەوتی خەواندنی تووشبووان بە کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی ئێران، ٦٣ شاری خستووەتە دۆخی ڕەشەوە کە بەو مانایەیە باری نائاسایی گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی.

ئێستا لەو دۆخەدا لە ئێران ڕۆژانە زیاتر لە ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەست دەدەن و زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن.

بەرپرسانی ڕێژیم پێشتر ئیدعای بنبڕکردنی نەخۆشیی کۆرۆنایان لە ئێران دەکرد، ئێستا کۆنترۆڵی ئەو دۆخەیان لەدەست چووەتە دەرەوە و پەنایان بۆ دوعاکردن بردووە.

''سەعید نەمەکی'' وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لەسەر بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ''شەوانی قەدر'' وتوویەتی: ''لەسەر ئەو باوەڕەم کە دوعا و پاڕانەوەی ئیمانداران لە مانگی ڕەمەزاندا، بۆ بەڕێوەبەری و کۆنترۆڵی ئەو نەخۆشییە باشترین ڕێگەچارەیە''.

لە ئێستادا لە ئێران ٦٣ شار لە دۆخی ڕەش، ٨٥ شار لە دۆخی سوور، ٣٩ شار لە دۆخی زەرد و تەنیا ٧ شار لە دۆخی شیندان.

هەتا ئێستا کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران گەیشتووەتە نزیکەی  ٢ ملیۆن و ١٧٠ هەزار کەس و ڕێژەی قوربانییان بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گەیشتووەتە ٦٦ هەزار کەس.