کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی حیزبی دێموکراتی کرد

11:39 - 20 رەشەمه 2720

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر هاوکاریییەکانی نێوانیان جەختیان کردەوە و پێداگرییان کرد کە دەبێ هێزە سیاسییەکانی کورد بۆ بەرەڕووبوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەکانی سەر کورد و کوردستان یەکڕیز و هاودەنگ بن.

لە دیداری نێوان شاندەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و حیزبی دێموکراتدا ڕێگاکانی هاوکاری و هاوپێوەندیی زیاتر تاوتوێ کرا.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی، شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرستیی "بەختیار عومەر"، ڕێکخەری مەکتەبی پێوەندییە سیاسییەکانی گۆڕان، سەردانی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی "محەممەد نەزیف قادری"، بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکان، پێشوازیی لێ کرا.

لە سەرەتای ئەو دیدارەدا "قادری" وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، باسێکی کورتی لەسەر مێژووی پێوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا و گرینگیی ئەم جۆرە دیدارانە لە هەلومەرجی ئێستادا پێشکەش کرد.

بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکرات وێڕای شرۆڤەیەکی ورد لەسەر پرسی کورد بەگشتی و بەتایبەتی لە دوو پارچەی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و هەنگاوەکانی حیزبی دێموکرات بۆ پێکهێنانی هاوئاهەنگی و هاوخەباتیی نێوان هێزە سیاسییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جەختی لەسەر پێویستیی هەوڵدان بۆ پاراستنی یەکڕیزیی نەتەوەیی لەنێوان خەڵک و هەموو لایەنەکاندا بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەکانی سەر کورد و کوردستان کردەوە.

لە درێژەدا "بەختیار عومەر"، وێڕای دەربڕینی سپاس و خۆشحاڵیی خۆی و شاندی هاوڕێی لە پێشوازیی گەرمی هەیئەتی حیزب، باسێکی لەسەر دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە و هەلومەرجی بزووتنەوەی کورد و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد.

لەو دیدارەدا هەیئەتەکانی هەر دوو لا وێڕای شرۆڤە و لێکدانەوەی دوایین ئاڵوگۆڕەکان، هاوئاهەنگی و هاوکاریی دۆستانەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی سەر ڕێگای بەرەوپێشچوونی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە پێویستییەکی بێ ئەملا و ئەولا زانی.

لە کۆتایی ئەو دیدارەدا شاندەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بزووتنەوەی گۆڕان وێڕای پێداگری لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپ و بنەمای هاوبەش بۆ خزمەتکردن بە دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد، جەختیان لەسەر بەردەوامیی هاوکاریی دوو لایەنەی نێوانیان کردەوە.