کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی کوبوونەوە

17:22 - 23 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: بەشداریی حیزبی دێموکرات لە شەڕی دژی داعش، پێگەی کورد لەم هەلومەرجەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەبایی و یەکڕیزیی نەتەوەی کورد، گرینگترین باسەکانی دانیشتنی شاندی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی گۆڕانی لەخۆ گرتبوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژ، سەردانی مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانی لە شاری سلێمانی کرد و لەلایەن شاندێکی ئەو بزووتنەوەوە بە سەرپەرستیی \'\'نەوشیروان مستەفا\'\' رێکخەری گشتی پێشوازیی لێ کرا.

بەپێی ئەم راپۆرتە، لەو دیدارە دۆستانەیەدا لەلایەن هەر دوو هەیئەتەوە بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە، عێراق و کوردستان تاوتوێ کرا و هەردوولایەن پێیان وابوو لەم قۆناغە هەستیارەدا کەلە ناوچەکە تێدەپەڕێت، هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان زیاتر لە هەموو کات پێویستییان بە تابایی و یەکڕیزی هەیە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەر ئەگەرێک بە تایبەت بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی داعش و پاراستنی خاکی هەرێمی کوردستان.

شاندی خانەخۆی بەڕێ کردنی پێشمەرگە و بەشداری کردنی حیزبی دیمۆکرات لە شەری دژی هێرشەکانی داعش بە گرینگ و مەسئولانە وەسف کرد.

لەم چاوپێکەوتنەدا هەروەها باسێک لەسەر رۆڵ و پێگەی کورد لەم بارودۆخەی ئێستای ناوچەکەدا کرا.

حیزبی دیمۆکراتی کوردستان ئێران و بزووتنەوەی گۆڕان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان لەو دیدارە، لەسەر پەرەپێدانی پێوەندییەکانی دوو لایەن پێداگرییان کردەوە.