شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی بەخشینی دوکتورای فەخری بە دوکتور ''خوسرەو جاف''، کەسایەتیی سیاسی و ئاکادێمیکی بەناوبانگی کورد، بەشداریی کرد.
ئەو ڕێوڕەسمە دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە زانکۆی کوردستان لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی خوێندکاران و مامۆستایانی ئەو زانکۆیە و کۆمەڵێکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسی، ئایینی، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکانی کورد دەستی پێ کرد.
شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی ''محەممەدنەزیف قادری''، جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتی و بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکرات لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداریی کرد و لەلایەن بەرپرسانی زانکۆی کوردستانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا.
دەستپێکی بڕگەی یەکەمی کاری ئەو ڕێوڕەسمە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و پاشان بەخێرهاتنی میوانان لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە بوو.
پاشان کۆمەڵێک وتار لەسەر کەسایەتیی دوکتور خوسرەو جاف و گرینگیی تێکۆشان و بەرهەمەکانی پێشکەش کرا.
دواتر دوکتورای فەخریی زانکۆی کوردستان بە فەرمی لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە پێشکەش بە خوسرەو جاف کرا.
پاشان ناوبراو بە پێشکەشکردنی وتارێک وێڕای دەربڕینی سپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو ڕێزلێنانەی زانکۆی کوردستان، خەسارناسییەکی کورت و پوختی لەسەر پێگە و دۆخی بوارە جیاجیاکانی هونەر و تەلارسازی لە کوردستاندا خستە ڕوو.
لە بڕگەی کۆتایی کاری ڕێوڕەسمەکەدا کە لە دەرەوەی هۆڵی ڕێوڕەسمەکە بەڕێوە چوو، ''محەممەدنەزیف قادری''، وێڕای پیرۆزبایی لە دوکتور خوسرەو جاف بە ناوی ''مستەفا هیجری'' لێپرسراوی گشتی و ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، لەوحی ڕێزلێنان و چەپکەگوڵێکی پێشکەشی کرد و ڕۆڵی تێکۆشانی زانستی و هونەری و سیاسیی ناوبراوی لە مێژووی بزووتنەوەی ڕەوای کوردستاندا بەرز نرخاند و بە خاڵێکی درەوشاوە و جێی شانازیی لە قەڵەم دا کە لە بەرانبەردا دوکتور خوسرەو جاف سپاس و پێزانینی خۆی بۆ شاندی حیزب دەربڕی.
دوکتور خوسرەو جاف پێشمەرگەی دێرین و یەکێک لە سیما ناسراوەکانی ئەندازیاری، تەلارسازی، هونەر و ڕۆشنبیریی کوردە کە وێڕای بنیاتنانی چەندین بینا و مۆنۆمێنتی بەناوبانگ و تاشینی دەیان پەیکەرەی هونەرمەندان و نووسینی ٩٧ کتێب لە بوارە جیاجیاکاندا، ڕۆڵێکی گەورەی لە مۆدێڕنکردن و دەوڵەمەندکردنی هونەر و شارستانییەتی هاوچەرخی کورددا هەبووە.
دوایین بەرهەمی ئەم کەسایەتییە ناودارە، ئەنسکلۆپیدیای گەورەی کوردییە کە بەم زووانە چاپ و بڵاو دەبێتەوە.