کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە مەلای گەورەی کۆیە بەشداریی کرد

12:01 - 20 رەزبەر 2720

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی نوێنەری حیزب لە کۆیە لە ڕێوڕەسمی ٧٧ ساڵەی کۆچی دوایی مەلای گەورەی کۆیە بەشداریی کرد.

کاتژمێر ١٠ی بەیانیی ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، شاندی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە "ناسر ساڵحی ئەسڵ" نوێنەری حیزب لە کۆیە، "سەلام ئیسماعیل پوور" ئەندامی دەزگای پێوەندییە گشتییەکان و شاندی هاوڕێ لە ڕێوڕەسمی ٧٧ ساڵەی کۆچی دوایی زانا و بیرمەندی ئایینی و نەتەوایەتی، مەلا "محەممەد جەلیزادە" ناسراو بە مەلای گەورەی کۆیە کە لە باخچەی مەڵبەندی ١٤ی ڕێکخستنی کۆیەی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوە چوو، بەشداریی کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە لە چەند بەش پێک هاتبوو، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و کۆمەڵێک لە پارلمانتارەکان و بەرپرسانی حیزبی و حکوومیی هەرێمی کوردستان و میوان و کەسایەتییە ئایینی و زانستییەکان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان بەشدار بوون و لە چەند بڕگەی جیاجیادا باس لەسەر کەسایەتی و پێگەی زانستی و ئایینی و نەتەوایەتیی مەلای گەورە کرا.

لە کۆتایی بەشی یەکەمی ئەو کۆڕیادەدا کتێبی تەفسیری مەلای گەورە لە قورئان کە لە چوار بەرگدا لەسەر ئەرکی دوکتور بەرهەم ساڵح، سەرکۆماری عێراقی فیدراڵ چاپ کرابوو، لەنێو ئامادەبوواندا دابەش کرا.

لە دوایین بەشی ڕێوڕەسمەکەدا کە لە گۆڕستانی دەروێش خدری شاری کۆیە بەڕێوە چوو، بەشداربووان سەردانی گۆڕی مەلای گەورەیان کرد و ڕێزیان لە یاد و بیرەوەریی ئەو کەسایەتییە ئایینییە نیشتمانپەروەرە گرت.