کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی شیوعی کوردستان سەردانی حیزبی دێموکراتی کرد

18:15 - 10 رێبەندان 2719

ڕۆژی پینجشەممە، ١٠ی ڕێبەندان، شاندێکی حیزبی شیوعی کوردستان بە سەر پەرەستیی دوکتور ''کاوە مەحموود''، سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن ''مستەفا هیجری''، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتەوە پێشوازییان لێکرا.

لەم دیدارەدا سەرەتا دوکتور ''کاوە مەحموود'' سپاس و پێزانینی بۆ پێشوازیی گەرمی حیزبی دێموکرات دەربڕی. پاشان باسێکی سیاسیی لەسەر ڕەوشی کورد، بە تایبەتی لە کوردستانی باشوور پێشکەش کرد و هەروەها هەڵوێستی حیزبی شیوعی لەسەر پرسە سیاسییەکان خستە ڕوو.

لەم دیدارەدا لێپرسراوی گشتیی حیزب وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان، بارودۆخی ئەوڕۆی کوردستان و ئێران و ناوچەکەی خستە بەر باس.

''مستەفا هیجری''، هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی لەسەر پرسە سیاسییەکان بۆ شاندی حیزبی شیوعی شی کردەوە.

لەم دانیشتنەدا هەر دوو لایەن لەسەر پەیوەندیی بەهێز و دوستانە لە نێوان حیزبی دێموکرات و حیزبی شیوعی پێداگرییان کرد و پێویستیی لێک نزیکبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان لە هەر چوار بەشی کوردستان لەم هەلومەرجە هەستیارەدا بە پێویست زانی.