کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەی \'\'نێت وۆرکی کورد ــ سوێدی\'\' بەشداریی کرد

17:00 - 20 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوەیەکی نێت وۆرکیدا پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و گەیاندنی ئەو پرسە بە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان وروژێندرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شانێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی \'\'حەمید تەیمووری\'\' نوێنەری حیزب لە وڵاتی سوێد، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، لە کۆبوونەوەیەکدا لەژێر ناوی \'\'نێت وۆرکی کورد ــ سوێدی\'\' کە لەلایەن پارلمانتارانی سەربە سوسیالدێموکراتەکانەوە پێکهاتبوو، بەشداریی کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی ژمارەیەک لە حیزبەکانی هەرچوار بەشی کوردستان و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون.
ئامانجی پێکهێنانی ئەم کۆبوونەوەیە وەرگرتنی را و بچوونی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەبارەی هاوکاری کردنی زیاتری سوسیال دێموکراتەکان لە داهاتوودا و چۆنیەتیی وروژاندنی پرسی کورد لە کۆڕ و کۆمەڵەکاندا بوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی هەرکام لە حیزبە کوردییەکان بۆ ماوەی ٥ خولەک باسێکی کورتیان لەسەر کوردستان و کێشەی وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا پێشکەش کرد و پێشنیارەکانیان لەبارەی چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەت پارتی سوسیال دێموکراتی سوێد لەمەڕ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دۆزی رەوای ن ەتەوەی کورد خستە روو.
ئەم خاڵانەی لەلایەن نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە وروژێندران:
ــ پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و هاتنە سەرکاری رێژیمی ئاخووندی لە ئێران، ئەو رێژیمە هاوکاریی تاقمە توندڕەوەکان و رێژیمە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەی کردووە بە ستراتیژیی خۆی و بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی ئەم تاقم و گرووپانەی بەکار هێناوە و ئەمڕۆش دەبینین کە پشتیوانی رێژیمی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد لە سووریە دەکا.

ــ رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک دژی گەلانی ئێران و بەتایبەتی گەلی کورد وەستاوەتەوە و لە هیچ چەشنە سەرکوت و کوشتن و تۆقاندن سڵی نەکردووە و بە کورتی تەڕ و وشکی بە یەکەوە‌سووتاندووە و دژی هەموو حیزب و رێکخراوە کوردییە ئازادیخوازەکان وەستاوە و رێبەرانی کوردی تێرۆر کردووە. دوکتور قاسملووی لە ساڵی ١٩٨٩ لە ڤییەن و دوکتور شەرەفکەندی لە ساڵی ١٩٩٢ لە بەڕلین شەهید کردووە و بەردەوامیشە لە ئیعدام و کوشتن تۆقاندنی گەلی کورد.

ـ کۆمەڵگای نێونەتەوەی دەبێ ئەوە بزانن کە ئێران لەژێر گەمارۆی ئابووری ناچار کراوە کە لەسەر چەکی ئەتۆمی وتووێژ بکا و سەرانی رێژیم ئەوەی دەڵێن کە تەنیا لەسەر چەکی ئەتۆمی قسە دەکەن و شتی تریان نییە کە لەسەری باس بکەن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە ئێران دەیەوێت فێڵ کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی بکات و کێشەکانی تر وەک مافی مرۆڤ، کێشەی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و کەمایەتییە مەزهەبییەکان و هتد ... لە بیر بکەن.

ــ ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پشتیوانیی خۆمان بۆ هەر چارەسەرێکی سیاسیی نێوان وڵاتان، دووپات دەکەینەوە و ئەمەش لە کاتێکدا دەبێ کە ئێران کێشە بۆ وڵاتانی ناوچە و تەنانەت جیهانیش نەنێتەوە.

ــ بە باوەڕی ئیمە سیستمی فیدراڵی بۆ ئێران گونجاوە و لەو سیستمەدا هەموو نەتەوەکانی ئێران دەگەن بە مافی رەوای خۆیان و بۆ خۆیان لەسەر ناوچەکانی خۆیان بڕیاردەرن و ئارامی و ئاسایش جێگیر دەبێ.

ــ بەم جۆرە ئێمە پێشنیار دەکەین کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بەتایبەت وڵاتی سوێد چاڵاکانە لە رەوتی دێموکراتی بوونی ئێران کاریگەری خۆیان هەبێ و کێشەی کورد ببەنە سەر مێزی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەوێ بیورووژێنن.