کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە رێوڕەسمی ٤٠مین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان بەشداریی کرد

22:23 - 12 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: شاندی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی یادی ٤٠ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، خەبات و تیکۆشان و کاریگەری ئەو حیزبەی لەسەر بزاڤی رزگاریخوازیی کورد، بەرز نرخاند.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاندیکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی جەهانگیر حاتەمی، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی لە یادی ٤٠ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان بەشداریی کرد و بەو بۆنەیەوە وتارێکی پێشکەش کرد.

لەو رێوڕەسمەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی پارت و رێکخراوە کوردییەکان بەشدار بوون و پەیامیان پێشکەش کرد.

حاتەمی لە وتارەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی یادی ٤٠ ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، خەبات و تێکۆشان و کاریگەری ئەو حیزبەی لەسەر بزاڤی رزگاریخوازیی کورد بەرز نرخاند.

حاتەمی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هێرشی ئەو دوایانەی پارتی کرێکارانی کوردستانی بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی سنووریی کێلەشین مەحکووم کرد.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی، هێرشی ئەم دوایی‌یانەی گەریلاکانی پ.ک.ک بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و شەهیدبوونی هاوڕێیەکی پێشمەرگەمان و برینداربوونی چەند پێشمەرگەی دیکە، بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی گەلی کورددا نییە و بە داخەوە هەڵدانەوەی یەکێک لە لاپەڕە رەشەکانی مێژووی گەلەکەمان، واتە شەڕی براکوژییە .

ئەو کردەوە دزێوە، ئاوات و ئامانجی دوژمنانی کوردستانە و راستەوخۆ بەرژەوەندییە دژی کوردییەکانی ئەوان دەستەبەر دەکات.‌ ئێمە لەو باوەڕەین کە رێگای چارەسەری کێشە و گرفتەکان تەنیا دیالۆگ و دانووستانە و هیوادارین بە هەوڵی دڵسۆزانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەسایەتی و پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە رێگای ئاشتیخوازانەوە ئەو مەسەلەیە چارەسەر بکرێت و چیدیکە شاهیدی رژانی خوێنی رۆڵەکانی کورد بە دەستی کورد نەبین.