کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە یادی ٤٠ ساڵەی دامەزارانی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، بەشداریی کرد

21:02 - 12 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە رێوڕەسمی ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی نیشتمانی لە وڵاتی سوێد بەشداریی کرد و سەعدی ئەحمەدپیرە لەو رێوڕەسمەدا بەداخبوونی خۆی لە رووداوی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پ‌ک‌ک، دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆمیتەی رێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە وڵاتی سوێد بە بۆنەی ٤٠مین ساڵڕۆژی دامەزرانییەوە، رێوڕەسمێکی یادکردنەوەی لە شاری ستۆکهۆڵم لە پایتەختی ئەو وڵاتە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە بەشداریی سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانی، بەڕێوە برد.

لەو رێوڕەسمەدا نوێنەری لایەنە سیاسی، فەرهەنگییە کوردستانی و عێراقییەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بەشدار بوون.

شاندێکی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوێد بە سەرپەرستیی ئەنوەر کاکایی بەرپرسی کۆمیتە، لەسەر داوای فەرمیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریی ئەو رێوڕەسمەی کرد و بەو بۆنەیەوە برووسکەی پیرۆزبایی پێشکەش کرد.

لەو رێوڕەسمەدا سەعدی ئەحمەد پیرە بەناوی مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، وتارێکی پێشکەش کرد.

ئەحمەد پیرە لە وتەکانیدا باسی لە ئەزموونی شەڕی براکوژی، هەڵوێست و یەکڕیزیی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، نەبوونی مافی یەکسانی لە عێراقدا و مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستانی کرد.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە ناکۆکییەکانی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی کرێکارانی کوردستانی کرد و وێڕای بەداخبوونی بۆ ئەو رووداوە، وتی: کێشەکان بەرە و چارەسەری دەڕۆن و لەگەڵ هەردوو لایەندا دانیشتنم کردووە و هەنگاوی زیاتریشی بۆ هەڵدەگرین.