کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کەنەکە سەردانی حیزبی دێموکراتی کرد

16:37 - 20 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لە دیداری شاندی کەنەکە لە دەزگای پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات، پرسی کورد و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە تاوتوێ کرا.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٠ی دیسامبری ٢٠١٩ی زایینی شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (KNK) بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد قەرەمووسی، هاوسەرۆکی کەنەکە و شەهلا حەفید، جێگری هاوسەرۆکی کەنەکە، سەردانی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانییان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبەوە بە سەرپەرەستیی محەممەد نەزیف قادری، جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتی و بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبەوە پێشوازییان لێ کرا.

لە سەرەتای ئەو دیدارەدا محەممەد نەزیف قادری، بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکان بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد. شاندی میوانیش وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان لەو دیدارە، مێژوو و ڕابردووی حیزبی دێموکرات و بەتایبەتی ڕێبەرانی شەهیدی حیزبیان بە بەشێک لە سەروەرییەکانی نەتەوەی کورد زانی.

پاشان ڕێزدار ئەحمەد قەرەمووسی، هاوسەرۆکی کەنەکە کورتەیەکی لەسەر خەبات و چالاکییەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد پێشکەش کرد و ڕایگەیاند مەبەستیان لەو سەردانە شڕۆڤەی هاوبەشی ئاڵوگۆڕەکان و دیتنەوەی ڕێگاچارەی کێشەکانی سەر ڕێگای کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستانە.

دواتر محەممەد نەزیف قادری، بەرپرسی هەیئەتی حیزب وێڕای ئاماژە بە بەشداریی شاندێکی حیزب لە کۆنگرەی پێشووی کەنەکەدا هاوکاری و هاوهەڵوێستیی هەموو لایەنەکانی بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی خەباتی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە گرینگ و پێویست لە قەڵەم دا.

بەڕێزیان هەروەها باسێکی لەسەر شڕۆڤەی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و جیهان و شوێندانەرییان لەسەر پرسی کورد بەگشتی و هەروەها شیکردنەوەی سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە نیسبەت پرسی نەتەوەیی و ئاڵوگۆڕە پێوەندیدارەکان بەو پرسەوە پێشکەش کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ کۆنگرەی داهاتووی کەنەکە خواست.

پاشان ڕێزدار ئەحمەد قەرەمووسی وێڕای ئاماژە بە دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەم دۆزی ڕەوای کورد کە هەنووکە لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە ڕۆژەڤدان، ڕایگەیاند پێویستە بە یەکدەنگی و لە ژێر چەترێکی ستراتیژیکی نیشتمانیی گشتگیردا بەرەوڕوویان ببینەوە کە کۆنگرەی داهاتووی کەنەکە لە ڕاستیدا لە سۆنگەی هەستکردن بەو پێویستییانە و وەڵامدانەوەی ئەو ئاڵوگۆڕانەوە هەنگاو هەڵدەگرێت.

بەڕێز قەرەمووسی هەروەها ڕایگەیاند: ئێمە بە مەبەستی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە کار و چالاکی و پێوەندییەکانمان، پێمان خۆشە لە تێڕوانینی حیزب و لایەنەکانی دیکە و پێشنیارەکانیان بۆ کۆنگرەی داهاتووی خۆمان ئاگادار بین و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکرات لەو پێوەندییەدا بە ڕێنوێنییەکی گرینگ و پڕبایەخ دەزانین.

لە کۆتایی ئەو دیدارەشدا، وەفدەکانی هەردوولا وێڕای دەربڕینی خوشحاڵیی خۆیان لەو دیدارە، جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی چاوپێکەوتن و هاوکاریی دوولایەنە کردەوە.