کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کرد

16:41 - 28 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: بارودۆخی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی رۆژئاوا و رۆژهەڵات، دەستێوەردان و سەرکوتی رێژیمەکانی بەشار ئەسەد و ویلایەتی فەقیهـ لە دیداری شاندی حیزبی دێموکرات و شاندی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە باسی لەسەر کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە بە سەرپەرستیی \'\'محیەدین شێخ ئالی\'\' سکرتیری گشتی، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرستیی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتی پێشوازیی لێ کرا.

لەم سەردانە دۆستانەیەدا \'\'محیەدین شیخ ئالی\'\' باسێکی لەسەر دوایین رووداوەکانی کورد لە سووریە، رەوشی ئوپۆزیسیۆنی سووریە و رێژیمی بەشار ئەسەد و دەستتێوەردانی لایەنی دەرەکی بە تایبەت رێژیمی ئێران، چەند باسێکی هێنایە ئاراوە.

ناوبراو لە باسەکانیدا پەرژایە سەر ململانێ و شەڕی نێوخۆیی نێوان بەرەی نوسرە ‌و ئەرتەشی ئازاد ‌و داعش و پەیەدە و وتی: ئەم شەڕە نێوخۆیی‌یە بووەتە هۆی مانەوەی رێژیمی بەشار ئەسەد ‌و درێژەدان بە سیاسەتی دیکتاتۆری ‌و سەرکوتی کۆمەڵانی خەڵک.

هەروەها باسی ناهەماهەنگیی حیزب و لایەنە کوردییەکانی سووریە و بەتایبەت نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و ئەنجومەنی گەلی سەر بە پەیەدە و پەکەکە رەوشێکی دوور لە چاوەڕوانییەکانی کوردی لە سووریە پێک هێناوە.

شێخ ئالی وێڕای ئاماژە بە پێکهێنانی دەستەی باڵای کورد و هەیئەتی هاوبەشی خۆیان و پەیەدە لە سووریە، وتی: بەهۆی کۆمەڵێک خاڵی لاواز ئەو هەیئەتەیش کارەکانی پەکی کەوت.

مستەفا هیجری لەسەر رەوشی ئێران و کوردستانی ئێران و بەردەوام بوونی سیاسەتی زەبر و زەنگی رێژیمی کۆماری ئیسلامی و نکۆڵی کردن لە شوناسی نەتەوەکانی ئێران و سیاسەتی دەستێوەردان لە کار‌وباری وڵاتانی ناوچە و یارمەتی کردنی تیرۆریزمی جیهانی و رێژیمە دیکتاتۆرەکانی ناوچە و هەڵوێست و روانینی حیزبی دێموکرات لەسەر پرسی کورد بە گشتی و پشتیوانیی حیزبی دێموکرات لە ئیرادەی سیاسیی گەلی کورد لە هەرکام لە پارچەکانی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بەپێی بارودۆخی کورد لەو پارچەی کوردستان کرد، لەم پێوەندییەدا خەباتی گەلی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان ‌و پێوەندیی برایانە و دۆستانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی دێموکراتی کوردی لە سووریەی بەرز نرخاند لەسەر ئەو پێوەندییەدا جەختی کردەوە.