کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شكستەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا

11:38 - 1 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران ئیدعا دەکات، کە زلهێزترینی ناوچەکە و جیهانە، بەڵام شکستەکانی ئەم ڕێژیمە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەردەکەوێت.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تێچووە قورسانەی کە شەڕی سووریە بۆ ڕێژیمی ئێرانی بەجێ هێشتووە و هەروەها دابەزینی هەناردەکردنی نەوت؛ کە بووەتە یەکێک لە کێشەکانی ڕێژیم، ناچار بە ڕاگەیاندنی ئاگربەس لە سووریە بووە.

بەپێچەوانەی قسەکانی محەممەدجەواد زەریف، کە باسی لە سەرکەوتنە دیپلۆماسییەکانیانیان و هەبوونی پشکیان لە ڕاگەیاندنی ئاگربەسی سووریەدا لە دانیشتنی سێ لایەنەی تورکیە، ئێران و ڕووسیە لە ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانان لە تاران، حەسەن ڕۆحانی زۆر بە توندی پێشنیاری ئاگربەسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی ڕەت کردەوە.

دواتر هەردوو وڵاتی تورکیە و ڕووسیە لە دانیشتنێکی دوولایەنە، بڕیاری ڕاگەیاندنی ئاگربەسیان لە سووریەدا دا.

لە ڕاستیدا ئاگربەس بە مەبەستی پەرواێزخستنی ڕێژیمی ئێران لە سووریەیە، ڕێژیمی ئێران دەیەوێت بە ئەنجامدانی هێرشی فراوان بۆ سەر پارێزگای ئدلب، هێزە دژبەرەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد ناچار بە پاشەکشە بکات و ئەم شەڕە ٧ ساڵە کە تێچووی بە دەیان میلیارد دۆلاری بۆی هەبووە پێش دەستپێکردنی خولی دووهەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا و زیاتربوونی قەیرانە ئابوورییەکان تەواو بکات.

لە لایەکی دیکەشەوە، جەیمز جێفری نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە سووریە، پێی وایە کە ئاگربەس لە ئدلب دەبێت ببێتە دەستپێکێ بۆ  نەمانی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا. 

ناوبراو لەسەر ئەو بڕوایەیە، هەتا کاتێک هێزە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا هەبن، ناکرێت ئاشتی لەم وڵاتەدا دەستەبەر بکرێت، چونکە ئامانجی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران بە گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ئەم وڵاتە و ناوچەکە دەفەوتێت.

یەکێکی دیکە لە شکستەکانی ڕێژیمی ئێران، وەڵامدانەوەی حەسەن ڕۆحانییە لە سەفەری بۆ نیۆیوورک لە بارەی ڕووداوە تیرۆریستییەکەی فەڕانسەیە؛ کە دەوڵەتی فەڕانسە لە پێوەندی لەگەڵ دانانی بۆمب لە میتینگی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق لە پاریس لە لایەن دیپلۆماتکارێکی ڕێژیمەوە، ناردنی باڵوێزی نوێی بۆ ئێران ڕاگرت.

ڕێژیمی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە نانەوەی ئاژاوە و دروستکردنی نائارامی لە ناوچەکەدا دەوری سەرەکی دەگێڕێت و بەپێچەوانەی ئەوەی کە خۆی بیر دەکاتەوە، یەکێکە لە "نالەبارترین" سیمای ناوچەکە.