کوردستان میدیا

شەممه 3ی خەزەڵوەر 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شه‌جه‌ریان هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگی فارس كۆچی دوایی كرد

12:35 - 18 رەزبەر 2720

"محه‌مه‌دڕه‌زا شه‌جه‌ریان" هونه‌رمه‌ند و ئاوازخوێنی به‌ناوبانگی فارس له‌ ته‌مه‌نی هه‌شتا ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

"محه‌مه‌دڕه‌زا شه‌جه‌ریان" ساڵی ١٣١٩ له‌ تووس له‌ پارێزگای خوراسان له‌دایک بوو و له‌ سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه‌ خه‌ریكی ئاوازخوێندن و كاری موسیقایی بووه و له‌به‌ر توانای ده‌روونی له‌ به‌شی مۆسیقادا زۆر پێش چوو و بوو به‌ مامۆستای مۆسیقا و خزمه‌تێكی یه‌كجار گه‌وره‌ی به‌ هونه‌ر و مۆسیقای فارس كرد و به‌هۆی كۆچی دواییه‌وه‌ خه‌مێكی زۆری له‌ دڵی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا به‌جێهێشت.

شه‌جه‌ریان خاوه‌نی ئاواز و ئاهه‌نگی زۆر به‌ناوبانگی فارسیه‌ كه‌ له‌ زۆر بڕگه‌دا لایه‌نگرانی به‌ سۆزی مۆسیقاكه‌ی ئه‌و وه‌جۆش هاتوون و هونه‌رمه‌ندێكیش بوو كه‌ كۆڵی بۆ ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی نه‌دا و هه‌ر بۆیه‌ له‌ ساڵانی ڕابردوودا مۆسیقا و ئاوازه‌كانیان له‌ ده‌نگ و ڕه‌نگی رێژیم بڵاو نه‌ده‌كرده‌وه‌ و له‌ په‌راوێز خرابوو و ته‌نانه‌ت له‌ ساڵی ١٣٩٤ه‌وه‌ ڕێگای به‌ڕێوه‌بردنی كۆنسێرتیشی پێ نه‌درا.

شه‌جه‌ریان هه‌رچه‌ند كه‌ بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی واته‌ نه‌ته‌وه‌ی فارس، خزمه‌تێكی مێژوویی كرد به‌ڵام ئه‌و گله‌ییه‌شی له‌سه‌ر بوو كه‌ قه‌ت ڕۆژێک له‌ ڕۆژان ئاوڕی له‌ ده‌رد و ڕه‌نجی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ له‌ ئێراندا نه‌دایه‌وه‌.

به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ندی ناسراو، محەممەدڕه‌زا شه‌جه‌ریان، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌ و دۆستانی شه‌جه‌ریان و هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگای هونه‌ریی فارس ده‌كا.

ڕۆحی شاد.