کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"شورای میللیی موقاومەتـ"ـی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ بەرهەمهێنانی دڕۆنەکانی ڕێژیمی ئێران کۆبوونەوەیەکیان پێک هێنا

16:29 - 15 رەزبەر 2721

"شورای میللیی موقاومەتـ"ـی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەزبەر لە دانیشتنێکی هەواڵگریدا لە "واشنتۆن" باسیان لە وردەکارییەکانی ٨ بەشی پیشەیی کردووە کە لە بەرهەمهێنانی دڕۆنەکانی ڕێژیمی ئێران بەشدارن و وتوویانە: "ئەو دڕۆنانە یەکێک لە گرنگتریی چەکەکانن کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ هەناردەکردنی تێرۆریزم کەڵکیان لێ وەردەگرێت".

"سۆنا سەمسامی" نوێنەری ئەو شورایە لە واشنتۆن، لەو کۆبوونەوەیەدا وتی: "هێزی قودسی سپای پاسداران لە چەندین جۆری دڕۆن بۆ عەمەلیاتی تێرۆریستی و دابینکردنی ملیشیاکانی لە ناوچەکە کەڵک وەردەگرێت و تاران لە هەوڵدایە هێزە بەڕۆژنەکراوەکانی بە دڕۆنەکان قەرەبوو بکاتەوە".

بە وتەی "عەلی ڕەزا جەعفەرزادە" وتەبێژی "شورای میللیی موقاومەت"، جگە لە پیشەی ئاسمانیی وەزارەتی بەرگریی ڕێژیم، پیشەی ئاسمانیی قودس لە ڕێگای تایبەتی "تاران-کەرەج" و پیشەی بەرهەمهێنانی فڕۆکە بە ناوی کورتکراوەی "هەسا" لە "شاهین شار"ی "ئیسفەهان" بە سەرۆکایەتیی "حەمید ڕەزا نوری" و پیشەی "بەسیر" لە ڕێگای "بابول" بۆ "ئامۆل" لە بەرهەمهێنانی دڕۆن و کەرەستەکانیدا بەشدارن.

هێزەکانی "شورای میللیی موقاومەت" لە پێوەندی لەگەڵ "ناوەندی ڕاگرتن و بەکارهێنان و فەرماندەیی دڕۆنەکانـ"ـی ڕێژیم لەلایەن هێزی هەوا-فەزای سپا، زانیارییان وەدەست کەوتووە و باسیان لەو وڵاتانە کردووە کە ڕێژیمی ئێران بە دڕۆن هێرشی کردووەتە سەریان کە یەکێکیان هەرێمی کوردستانە.