سەرۆکی شورای هاوکاریی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو وتوویەتی: "ئێران لە ناوچەکەدا هەوڵی توندوتیژی دەدات و لە بواری پەروەردەیی، دابینکردنی سەرچاوەی ماڵی و ناردنی چەکوچۆڵ پیشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی عێراق، سووریە، یەمەن و لوبنان دەکات".
ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەزبەر، "نایف بێن فەلاح ئەلحوجرەف" سەرۆکی شورای هاوکاریی کەنداو وتوویەتی: "ئێران بە دوژمنی و توندوتیژیکردن لە ناوچەکە دەیهەوێت بە ئامانجە سیاسییەکانی خۆی بگات".
بە وتەی "فەلاح ئەلحوجرەف" هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە کە ئەندامی شورای هاوکاریی کەنداون بە شێوەی بەردەوام لەلایەن ڕێژیمی ئێران و دەستوپێوەندییەکانیەوە کراونەتە ئامانجی مووشەکی و ڕاکێتی.
هەرلەو پەیوەندییەدا رۆژی یەکشەممە٢٧ی ڕەزبەر، "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندبوو: "ئەو کەس و ناوەندانەی کە چەکوچۆڵ دەفرۆشن بە ڕێژیمی ئێران یان لە ڕاگواستنی چەکوچۆڵدا یارمەتییان دەدەن، گەمارۆیان دەخەینە سەر".