کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شورای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سێ فەرماندەی حوسییەکان یەمەنی تەحریم کرد

11:02 - 20 خەزەڵوەر 2721

شورای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خەزەڵوەر، سێ کەس لە فەرماندەکانی میلیشیا چەکدارەکانی حوسیییەکانی یەمەنی بەهۆی ئەوەیکە هەڕەشەیان بۆ ئاشتی، ئەمنییەت و سەقامگیریی یەمەن دروست کردووە، خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ١٥ ئەندامی شورای ئەمنییەت بە هاودەنگی سێ کەس لە فەرماندە باڵاکانی حوسییەکان بە ناوەکانی "مەسفەر ئەلشاعر، یووسف ئەلمەدانی و محەممەد عەبدولکەریم ئەلغماریـ''ـیان خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ''محەممەد عەبدولکەریم ئەلغماری'' لە ڕێبەرانی نیزامیی حوسییەکان لە عەمەلیاتی ''ماربـ''ـە و ''یووسف ئەلمەدانی'' یاریدەدەری وەزیری بەرگریی میلیشیاکانی ئەو گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە.

هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ''مەسفەر ئەلشاعر'' بە قاچاخکردنی چەک و کەرستەی شەڕ تاوانبارە.

شەڕ لە یەمەن هەتا ئێستا دەیان هەزار کوژراوی لێ کەوتووەتەوە و ئەو وڵاتەی بەرەو دۆخێکی زۆر نالەبار بردووە.

میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیران شەڕێکی بەربڵاویان بۆ داگیرکردنی ''مارب'' کە تەنیا پایگای هێزەکانی دەوڵەتی یەمەن لە باکووری ئەو وڵاتەیە، دەست پێ کردووە. شەڕ لە مارب نیگەرانییەکانی لە بابەت هاتنە ئارای کارەساتێکی مرۆیی بەهۆی ئەوەیکە سەد هەزار کەس لە خەڵکی ئاوارە لەو ناوچەیەدا پەنا دراون، پەرە پێداوە.