کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شورای ئەمنییەت دەستی لە سەر "میکانیزمی ماشە"یە

13:40 - 31 گەلاوێژ 2720

ئامریکا بۆ گوشارخستنەسەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران میکانیزمی ماشەی چالاک کردەوە و بڕیارە سەرجەم گەمارۆ ئابوورییەکان دژی تاران پەسند بکرێتەوە.

لە دوای ئەوەیکه هەوڵەکانی ئامریکا بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵ دژی ڕێژیمی تاران بە ئەنجام نەگەیشت، "دانڵد ترامپ" سەرکۆماری ئامریکا فەرمانی دا کە میکانیزمی ماشە دژی ئەو ڕێژیمە چالاک بکرێتەوە.

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی، ئێمە دڵنیاین هەموو گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوه یەکگرتووەکان دژی ئێران جارێکی دیکە وەگەڕ دەخرێتەوە.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە، هەرگیز ئیزن نادەین ڕێژیمی ئێران، گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمی جیهان ئیزنی کڕین و فرۆشتنی چەکی هەبێت.

لە شورای ئەمنییەت گەمارۆ چەکوچۆڵ دژی ڕێژیمی تاران ڤێتۆ کرا و "برایان هوک" کە ئێستا لە بەشی کاروباری ئێراندا کشاوەتەوە وتبووی، ئەوە داواکاریی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە گەمارۆی چەکوچۆڵ دژی ڕێژیمی تاران درێژ بکرێتەوە چونکە هەڕەشەیەکە بۆ سەر وڵاتانی ئەو ناوچەیە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت چالاککردنەوەی میکانیزمی ماشه ناڕەزایەتی دەربڕیوە و وتوویانە ئامریکا مافی ئەوە نییە کەڵک لەو میکانیزمە وەربگرێت.

بەهاری ساڵی ٩٧ ئامریکا لە بەرجام چووە دەرەوە و ئەو ڕێكکەتنەی بە مەترسیدارترین ڕێککەوتن وەسف کرد.

لە دوای چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام ڕەوتی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران قۆناغێکی دیکەی بڕی. هەوڵی ئامریکا ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران دەست لە پشتیوانی لە تێرۆریزم هەڵبگرێت و وەکوو سیستمێکی ئاسایی لەگەڵ جیهان کار بکات.