کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوناسی چەند کەس لە دەستبەسەرکراونی خۆپیشاندانی سـنە کەوتەڕوو

19:08 - 12 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە رەوتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی ئەم روژانەی دوایی هاووڵاتییانی کورد لە شاری سنە، لانیکەم ٢٠ هاووڵاتییان دەستبەسەر و چەند کەسێکی دیکەیشیان بانگهێشت کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییانی کورد لە سنە بە مەبەستی دووپات‌کردنەوەی پاڵپشتی لە شاری کۆبانی و کوردستانی سووریە، رێپێوانێکی بەرینیان بەڕێوەبرد کە ئەو هەوڵە مەدەنیە لە لایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامییەوە هێرشی کرایە سەر و لە ئاکام‌دا لانیکەم ٢٠ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی هەینی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا شوناسی دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی ئەو خۆپیشاندانانەی بە ناوەکانی سۆهراب جەلالی ناسراو بە خاڵۆ سۆهراب کە یەکێک لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتی و خۆشەویستەکانی شاری سـنەیە و جەهانبەخش وەکیلی لە چالاکانی بەڕێوەبەری کەمپیەنەکانی پشتیوانی لە کۆبانی و شنگال، خستە روو.

11300.jpg

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیران، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١١ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی یەک رۆژ دوای بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە کۆبانی لە شاری سنە، سەباح حەسەنی ناسراو بە سەباح هەورامییان بانگهێشت کردووە و پێیان راگەیاندووە کە رۆژی دووشەممە خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعات بناسێنێ و وڵامی هەندێک پرسیاری مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات بداتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا و لە ماوەی شەپۆلی یەکەمی رێپێوانی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران کە زۆربەی شارەکانی کوردستان لە ئورمیە هەتا ئیلامی گرتەوە هێزەکانی رێژیمی ئێران لەگەل هاووڵاتییانی کورد تووشی تێکهەڵچوون هاتن و ئاراستەی ئەو جووڵە مەدەنیانەیان بەرەو توندوتیژی گۆڕدرا.

لەو پەیوەندییەدا و بەپێی راپۆرتێک کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاوە بڵاو بووەتەوە، لانیکەم ٢٣٠ هاووڵاتیی کورد لە رەوتی کۆبوونەوە و و خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ دەستبەسەرکران و دەیان کەس دیکەش بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم بانگهێشت کران.