کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شووش؛ کرێکارانی کارخانەی کاغەزی "پارس" ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

11:53 - 21 رێبەندان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندان، کۆمەڵێک لە کرێکارانی کارخانەی کاغەزی "پارسـ"ـی شووش، لە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارە کۆبوونەوەیەکیان پێک هێنا و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

کرێکاران بە وتنەوەی دروشمگەلی وەک "کرێکار دەمرێت، بەڵام زەبوونی قەبووڵ ناکات" داوای دابینکردنی مافەکانی خۆیانیان کرد.

کرێکاران هەروەها داوای مووچەی دواکەوتووی خۆیان کرد و لەمەڕ گرانیی لەڕادەبەدەریش دەنگیان هەڵبڕی.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە کرێکارانی ئەو کارخانەیە بە هۆکاری جۆراوجۆر لەسەر کار دەر کراون و ژمارەی کرێکارانی ئەو کارخانەیە لە سێ هەزارەوە بۆ ٥٠٠ کرێکار کەمی کردووە.