کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شووڕاکان، شایی بۆ لەدایکبوونی مردوویەک!

13:21 - 26 جۆزەردان 2721

حەسەن ساڵح زاده

لە میانەی هەواڵەکانی ڕۆژانەدا بەردەوام گوێمان لەو هەواڵەنەی خوارەوە دەبێ:

چەند ئەندامی شۆای شاری سنە بە تۆمەتی گەندەڵی دەسبەسەر کران،

شۆرای شاری مەهاباد لەبەر گەندەڵی لە بەر یەک هەڵوەشایەوە چەند کەسیان لێ دەسبەسەر کرا،

شۆای شاری کرماشان لەسەر بەرتیلخۆری ئاڵۆزیی تێکەوت و چەندین کارمەندی شارەوانیش تێوە گلان،

شۆرای شاری سەقز و نوێنەری مەجلس لەسەر پرسی شارەدار لە یەک ڕاست بوونەوە و لە ئاکامدا فەرماندار چەند کەسی ڕادەستی دادگا کردن ...

سەرەتا بۆ ئەوەی کە بزانین  ڕەوتی ساخکردنەوەی شۆرای شار و گوند چۆناوچۆنە، ئاماژەیەکی کورت سەبارەت بە ڕۆڵی فەرمانداری، بەخشداری و دەزگا باڵاکانی حکوومەت بەنیسبەت ئەم مەسەلەیە دەخەینە بەرچاوی خوێنەران.

دوایی ئەوەیکە مۆڵەتی ناونووسیی کاندیداتۆریی کۆتایی پێهات، "هیأت اجرایی" شارەکان (پێکهاتوو لە کەسانی بە ڕواڵەت بەڕێز و خاوەن‌پێگە کە پێیان دەوترێ "معتمدین شهر" بەڵام لە ڕاستیدا وا باشە پێیان بوترێ "معتمدین اداره اطلاعات") لە دۆسیەی کاندیداکان دەکۆڵنەوە و لە ماوەی دیاریکراودا جۆری شیاوەتی کاندیداکان ڕادەگەیەنن. پاشان تێکڕای پاڵێوراوان بانگهێشتی فەرمانداری دەکرێن. فەرماندار لە میانەی کۆبوونەوەی یەکەمدا و بە بیانووی پێشاندانی ڕێوشوێن، لە ئاستێکی زۆر بەرزتر لەوان و بە شێوەیەکی ئامرانە بۆچوونەکانی خۆی وەک باڵاترین ئۆرگانی ئیداری بە سەر بەشداربوواندا دیکتە دەکا کە زۆرتر قسە و باسی بانگەشەیە.

دوای ئەوەی پرۆسەی ئاڵۆزی هەڵبژاردن کۆتایی هات، ئەوجار کاندیدا براوەکان بانگهێشتی ئیدارەی فەرمانداری دەکرێنەوە هەتا لە قۆناخێکی دیکەدا گوێبیستی دوایین پەند و ئامۆژگارییەکانی جەنابی فەرماندار بن. لێرەدا ڕێنوێنییەکان زۆر جیددیتر دێنە ئاراوە و لەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە نەچن لە سنووری دیاریکراوی خۆیان درباز ببن. لێرەیە کە ئەندامانی شۆرا حیساب دێتە دەستیان و لەوە دەگەن کە ل گەڵ کێ و چ دیوارێکی پۆڵایین بەرەوڕوون. لەوەش سەیرتر لەوێ بۆیان دەردەکەوێ کە هەرچی وادە و بەڵێن کە بە دەنگدەرانییان داوە، کۆتایی دێ‌ و دەبێتە بڵقی سەر ئاو.

دوای ئەوەیکە ماوەیەک لە دەسبەکاربوونی شۆرای نوێ بەسەر چوو، نۆرە دەهاتە سەر دیاریکردنی شارەدار. ئەگەرچی بەپێی یاسای شۆراکان ئەو کارە ئەرکی سەرەکیی شۆرایە، بەڵام هەروەک فەرماندار لە کۆبوونەوەکانی خۆیدا بە ڕوونی بۆی دیاری کردوون، بە بێ ئەو ناتوانن قامک بە ئاودا بکەن. با ئەوەشمان ل بیر نەچێ کە بۆ ئەم پرسە و زۆر شتی دیکەش نوێنەرانی مەجلسی شۆرای ئیسلامیی شارە پێوەندیدارەکان لە کۆبوونەوەکانی فەرمانداریدا بەشداری دەکەن تا ئەوانیش لە مەسەلەی دەستنیشانکردنی شارەداردا ڕەزامەندیی خۆیان دەرببڕن.

با لێرەدا ئاوڕێکی کورت لە مێژووی شۆراکان بدەینەوە. زیندووکردنەوەی مەسەلەی شۆراکان لە دەورانی دەوڵەتی ئیسلاحاتدا هاتە ئاراوە و لایەنگرانی ئەم ڕەوتە، هەڵێنجانی پرسی شۆرا لە یاسای بنەڕەتیدا بە یەکێک لە شاکارە مەزنەکانی خاتەمی لە قەڵەمی دەدەن. بەمجۆرە ساڵی ١٣٧٧ سەرەتای دەسپێکی زیادبوونی هەڵبژاردنێکی دیکە بە بەرنامەکانی نیزام دێتە ئەژمار. هەڵبەت ناوەرۆک ‌و شێوازی ساخکردنەوەی شۆراکان تا گەیشتووەتە ئێرە بەڕێک گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینیوە و چیتر وەک سەرەتاکان خۆی نابینێتەوە. یانی هەنووکە شۆراکان بە مردوویی لەدایک دەبن و شانتاژی هەڵبژاردن وەک شایی ‌و گۆڤەند بۆ کۆرپەیەکی مردوو وایە. هۆکاری بەرتەسک کردنەوەی بازنەی دەسەڵات و لاوازیی پێکهاتەی شۆراکان پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی خاتەمی هەیە.

 سەرەتا زۆرێک پێیان وابوو کە ئەم گۆڕانکارییە لە ئاکامی بەردەوامی هەڵبژاردنێکی دێموکراتیک و لە دەرەنجامی هەڵەی ئەژمارنەکراوی ژوورە فکرییەکانی دەزگای سیاسیی ئێران فۆڕمی گرتووە. دەکرێ بڵێین کە ئەو ساتەوەختە خاڵی چەکەرەکردنی بیری ڕێفۆرمخوازی لە ئێران بووە. لێکدانەوەیەکی هەڵە کە دەرەنجامی هەڵەی بۆ ڕەوتی ڕێفۆرم بە دەستەوە دا. هەر چەند دوای ماوەیەک بۆ خەڵک ‌و لایەنە سکۆلارەکان دەرکەوت کە مەسڵەحەتی نیزام ئەوەی خواستووە، بەو حاڵەش بەشێکی بەرچاوی ئیسڵاحخوازان لەسەر دۆخی هەڵەی خۆیان پێداگرییان دەکرد. گرینگ‌تر لەوەش لێدوانی ساڵی پاری پارێزگاری بەرێی سنە دروستی ئەو ڕاستییەی پشتڕاست کردەوە کە هاتنی دەوڵەتی خاتەمی بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەی دەرەنجامە قورسەکانی پاش داداگای میکۆنۆس بووە. ڕێژیم تووشی قەیران هاتبوو و لەودا هیچ دەرەتانێکی بۆ هەناسەکێشان لە بواری نێونەتەوەیی بۆ نەمابوویەوە.

بە کورتی، مەبەست ئەوەیە کە هەر وەک چۆن ڕەوتی ئیسلاحات وەک جەریانێکی کاتی ‌و مەسڵەحەتی بۆ تێپەڕاندنی قۆناخێکی دژوار لە مێژووی نیزام دامەزرا، پرۆسەی شۆراکانیش وەک دەسکەوتی ئەوان تەنیا لە بڕگەیەکی زەمانیدا بە چالاکی مایەوە.

 ئەوەی کە ئێستا شۆراکان تووشی مەرگی پێشوەختە کراون و تەنانەت کەڵکی پێچەوانەیان لەسەر بنەمای پتەوکردنی ستوونەکانی دەسەڵات لێوەردەگیرێ، ئامانجی سەرەکیی ئەم وتارەیە و لەخوارەوە‌ و لە توێی چەند خاڵێکدا دێتە بەر باس.

هەر وەک لە سەرەتاوە دیتان، هەواڵی ڕیسوایی شۆراکان و سووکایەتی پێکردنیان بەردەوام لە میدیاکانی دەسەڵاتەوە زەق دەکرێنەوە و بە ئانقەست پەرەیان پێدەدەن. یەکێک لە ئامانجەکانی زەقکردنەوەی دۆسیەی گەندەڵیی ئەندامانی شۆراکان و بڵاوکردنەوەی هەواڵە پێوەندیدارەکانی، ئەوەیە کە سووکی پێگەی شووڕاکان بە خەڵک نیشان بدەن. لە بەرانبەردا هیچ وەخت نەبیندراوە و رێگە نەدراوە کە هەواڵی گەندەڵی، ڕیسوایی یان کردەوەی دزێوی یەکێک لە‌‌ ئەندامانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لەقاو بدرێ. ئەوە لەحاڵێکدایە کە کردەوە و پێوەندییە نەشیاوەکانی ئەوان گەلێک لە هینەکانی ئەندامانی شۆرا پترو زیاترە. کە واتە نیزام بە ئانقەست و ئامانجی تایبەت هەوڵی بێ‌بایەخکردنی پێگەی شۆراکان دەدا و هەر لە سەرەتاوە ئەو پەیامە بە کاندیدەکان دەدا کە بۆ زەماوەندی مردوویەک بانگهێشت کراون.

ئاوڕدانەوە لە مێژووی ئەم چەند خولەی شۆراکان نیشانی دەدا کە جۆری چالاکی و بازنەی دەسەڵاتەکانیان هەتا دێ سنووردار و بەرتەسکتر دەبێتەوە. ئەوەش لە لایەکی دیکەوە هەوڵێکە بۆ ئەوەی نەتوانن نوێنەراتی ڕاستەقینەی خەڵکی خۆیان بکەن. لە ڕاستیدا ئەگەر شۆراکان لە کەش و هەوایەکی سالمدا دەرفەتی ئەوەیان پێبدرێ کە دەنگی خەڵک بە گوێ بەرپرسان بگەیەنن و لە پێگەی خۆیانەوە پێداگری لە ویستی ڕەوای ئەوان بکەن، پوتانسیەلی ئەوەیان هەیە کە دەسەڵات و نیزام ڕووبەڕووی کێشەوملەی جیددی بکەنەوە. هەر بۆیە موشاویرانی پاراستنی نیزامی ستەم‌ و کاولکاری، لە ڕووی حیساب ‌و کیتابەوە ڕێگری لەو مەترسی ‌و ئەگەرانە دەکەن کە ڕەنگە لە ڕێگەی شۆراکانەوە بێتە ئاراوە. واتە تێکڕای هەوڵەکانی شۆراکان بێ‌کەڵکە و بەرلەوەی باڵ لێبدەن کە کارێک بکەن، باڵەکانیان کردراوە.

یەکێک لە ئەرکە دیارەکانی شۆرای شارەکان دیاریکردنی پۆستی شارەدارییە. بەڵام مەرج ‌و گرفتەکانی ئەم دیاریکردنە بە ڕادەیەک زۆرن کە لە کۆتاییدا دەبێ هەمان کەس دەسنیشان بکەن کە فەرمادار وەک نوێنەری ڕاستەوقینەی نیزام قامکی خستووەتە سەری. ئەوەش واتە لێسەندنەوەی ئیرادەو هەڵوێست لە شۆراکان، هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا، تیکەی ئەم پرسە بۆ شار چەور و دەبێ بەشی نوێنەرانی مەجلسیشی تێدا بێ.

جاران پرۆسەی هەڵبژاردنی شۆراکان بە جیایی بەڕێوە دەچوو، بەڵام ئێستا وەک دەبینن بە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکۆمارییەوە لکێندراوە. ئەم ڕۆژانە ئامانجی سەرەکیی هەڵبژاردنی شۆراکان، یانی ئامرازێک بۆ چەواشەکاری و فریودانی خەڵک تا شوێن و بنکەی سندوقەکانی دەنگدان پڕ بکەنەوە. بە واتایەکی دیکە، دەکرێ بوترێ کە نیزام هەر جۆرە ئیرادە و سەربەخۆییەکی بڕیاردانی لە شۆراکان وەرگرتووەتەوە. هەر وەک چۆن نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی جێگەی خۆیان بە نوێنەرانی ڕێژیم لە ناو خەڵکدا گۆڕیوە، ڕۆڵی ڕاستەقینەی ئەندامانی شۆرای شارەکانیش بە شێوازێکی تر لەنێو چووە و لە کردەوەدا مەحکووم بەوە کراون کە لە خزمەت نیزامدا بن.

تەماح‌ و چاوبرسییەتی دەتوانێ هەستی نەخۆشی کەسانێک بۆ گەیشتن بە شۆرای شارەکان بهارووژێنێ. بەشێک لە کاندیداکانی شۆرای شار بە مەبەستی ئەوەیکە پارچە زەوی یان موڵکێکی دیاریکراوی تایبەت لە داهاتوودا بۆ خۆیان ساخ بکەنەوە، هەوڵ دەدەن کە خۆ بخزێننە نێو شۆرای شار. جیا لەوانەش وەگرتنی مۆڵەت بۆ زۆر بینا و پرۆژەی ساخت‌وساز لە ڕێگەی بەرتیل دانەوە جێبەجێ دەبێت، ئەوەش دەتوانێ هاندەرێکی شاراوەی بەهێز بۆ کەسانی چاوچنۆک و نەفسنزم بێت کە خۆیان کاندید بکەن. دیارە نەخش ‌و پێکهاتەی شۆرای گوندەکان بەنیسبەت هی شار چکێ جیاوازترە. بۆ وێنە ئەوان کە شارەداریان نییە و بوودجەیەکی بەرچاویان بۆ ئاوەدانی یان بیناسازی بۆ تەرخان ناکرێ، ڕێگەی تەماح و گەندەڵییەکی ئەوتۆ لەپێش چاوی خۆیاندا نابینن هەتا وەک تیکەیەکی چەور دەستی خۆیانی بۆ بساون. ڕەنگە هاندەری سەرەکیی گەیشتن بە ئەندامەتیی شۆرای ئاواییەکان لە مۆرێک و واژۆی شایەتینامەیەکی بچووک تێنەپەڕێ. بۆیە هەر تەنیا ژێستێکی ساویلکانەنو پۆشاڵییان بۆ دەمێنێتەوە و هیچی تر.

گەنە کەڵکوەرگرتن لە شۆراکان لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕەنگە بتوانێ فاکتۆرێکی دیاری ناسینەوەیان بێت. چونکوو شووڕاکان لە لایەن خەڵکەوە بە دەنگی راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن، دەبوو لە خاڵی یەکەمدا بە نیسبەت ئەوان وەڵامدەر بایەن، بەڵام لە واقیعدا هیچ وا نییە و بەپێچەوانە، فەرماندار، بەخشدار، سپا و ناوەندەکانی بەسیج بۆ زۆر کاری لاوەکی کەڵکی خراپیان لێوەردەگرن. بۆ وێنە، لە شۆرای شار ناچار بە ئەنجامی کارگەلێکیان دەکەن کە لە دەرەوەی بازنەی ئەرکەکانی شۆرا دان. یان ناوەندەکانی بەسیج، شۆرای گوندەکان ناچار دەکەن کە ئەرکی خەبەرچینی و سیخوڕییان بەنیسبەت دەوروبەریانەوە بۆ بکەن. شایانی باسە کە گەلێک جاران بینراوە، بڕێک لە شۆراکان ئامادەی ئەم جۆرە هاوکاریە نەشیاوە نەبوون، هەر بۆیە بۆ ئەوەی لە گەل‌ و خەڵک بە تەواوی دانەبڕێین و تووشی خۆکوژیی کەسایەتی نەبن، دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.

هەر وەک دیتمان، لە سیناریۆی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان، خەڵک بە ڕادەی پێویست ناوی خۆیان بۆ کاندیداتۆری نەنووسی، هەر بۆیە بەرپرسانی حکوومەت بە ناچاری پەنایان بۆ مۆرە بەسیجییە بێ‌ئیرادە و ئاڵقە لە گوێکانی خۆیان برد هەتا ئەو کەلێنەیان بۆ پڕ بکەنەوە و خۆیان بۆ ئەندامەتی شۆراکان کاندید بکەن. هەر بۆیە بەشێکی زۆر لە کاندیداکانی ئەم دەورەی شۆرای شارو گوندەکان لەم توێژەن.

وتەی کۆتایی

ئەوەیکە لە سەرەوە باس کرا بەشێکی هەرە بچووکە لەو دنیا بەڵگە و ئارگومێنتانەیه کە ئێمەی کورد نابێ بە بیانووی ساویلکانە و بێ‌نرخ بەشداری لە شانۆیەکی سێحراوی بەناوی هەڵبژاردن بکەین. نەچوونە ژێر تابووتی ڕێوڕەسمی ناشتنی شۆاکان، بێجگە لەوەی زیندوویی بیر و ئەندێشە پیشان دەدا، هاوکات لە دەستدرێژیی زیاتری پیلانەکانی داگیرکەران بۆ سەر گەلەکەمان ێگری دەکا.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.